سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالكی ده‌ڵێت ده‌بێت ڕێگه له‌و چه‌كداره ئیسلامیانه بگیرێت كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ووڵاته‌كه‌ی تێكه‌ڵی شه‌ڕی ناوخۆ بكه‌ن.
به‌ڕێز ئه‌لمالكی له له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانیا تۆنی بلێر كۆبۆوه و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ڕه‌وشی عێراق كرد.
به‌ڕێز ئه‌لمالكی پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تۆنی بلێردا كۆببێته‌وه، بۆ ڕادیۆیه‌کی به‌ریتانی قسه‌ی كرد و گوتی حكومه‌ته‌كه‌ی كار له‌سه‌ر چه‌ك داماڵینی ئه‌و گروپه چه‌كدارییانه ده‌كات كه به‌رپرسی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه بوون. هه‌روه‌ها ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی پشت ڕاستكرده‌وه كه ڕایگه‌یاندووه له ئاكامی ڕووداوه توندوتیژییه‌كانی مانگی پێنج و شه‌ش‌دا، ڕۆژانه زیاتر له 100 كه‌س له عێراقدا كوژراون.
به‌ڕێز ئه‌لمالكی دوا به دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌ریتانیا، به نیازه ڕۆژی سێشه‌ممه به‌ره‌وه واشنتۆن به‌ڕێ بكه‌وێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوش‌دا كۆببێته‌وه.
له به‌غداش، ده‌سه‌ڵاتداران پرۆسه‌ی دادگایی كردنی سه‌دام حوسه‌ین یان ده‌ست پێكردۆته‌وه، به‌ڵام دكتاتۆری پێشووی عێراقی و هه‌ندێ له ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ئاماده‌ی دانیشتنی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی دادگا نه‌بوون. ڕاگه‌یه‌ندراوه كه سه‌دام دوای 17 ڕۆژ مانگرتن له نانخوارن ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه.
له لایه‌كی دیكه‌ش، له میانه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانێك له پارێزگای ئه‌نبار، دوو سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون.
له میانه‌ی هێرشه جوداكانی به‌غدا و موسڵ و سامه‌را و حلله و كوت و كه‌ربه‌لاش، به لایه‌نی كه‌مه‌وه 9 سه‌ربازی عێراقی كوژراون.