یاخیبوان له عێراق پێنج سه‌ربازی ئه‌مریکیان کوشتووه. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکی ده‌ڵێن چوارییان مارینز بوون و له میانه‌ی دوو هێرشی جودای ڕۆژی سێ شه‌ممه له پارێزگای ئه‌نباری خۆرئاوای عێراق گیانیان له ده‌ستداوه. پێنجه‌میشیان ڕۆژی چوارشه‌ممه له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی لاڕێ له باشوری به‌غدا کوژراوه.
له لایه‌کی دیکه، سه‌رۆکی تیمی پارێزه‌رانی سه‌دام حوسه‌ین، خه‌لیل ئه‌لدوله‌یمی ده‌ڵێت سه‌دام و ژماره‌یه‌ک له ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی ده‌ستیان به مانگرتن له خواردن کردووه تاوه‌کو ناڕه‌زایی ده‌ربڕن له دژی ئه‌وه‌ی که ئاسایشی پارێزه‌ره‌کانیان ناپارێزرێت.
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش، کۆمه‌ڵێک چه‌کدار ئه‌ندامێکی باڵای تیمی پارێزه‌رانی سه‌دام، خه‌میس ئه‌لعوبه‌یدییان ڕفاند و کوشتیان.
ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش ئه‌و کاری کوشتنه‌ی مه‌حکوم کرد، به‌ڵام گوتی ئه‌و پارێزه‌ره کوژراوه ڕێگه‌ی نه‌داوه به‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریکی پارێزگاری لێ بکات.
هاوکاتیش، چاره‌نوسی ئه‌و کرێکارانه هێشتا دیار نیه که ڕۆژی چوارشه‌ممه له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک چه‌کداری نه‌ناسراوه‌وه هێرشیان کرایه سه‌ر و ڕفێندران. ئه‌م کاری ڕفاندنه له ناوچه‌ی تاجی باکوری به‌غدا ڕوویدا. ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌کان ده‌ڵێن چه‌کداران بارمته‌یه‌کی سونه‌یان ئازاد کردووه، به‌ڵام دوانیش له بارمته گیراوه‌کانیان کوشتووه که هه‌وڵی ده‌رباز بونیان داوه.