Accessibility links

له عێراق دیپلۆماتێکی ڕوسی کوژراوه‌ و چوار که‌سیش ڕفـێـندراون


ئاژانسه‌ هه‌واڵیه‌کانی ڕوسیا ڕاده‌گه‌یه‌نن له به‌غدای پایته‌ختی عێراق دیپلۆماتێکی ڕوسی کوژراوه‌ و چوار کارمه‌ندی تری باڵیۆزخانه‌‌‌ی ڕوسی ڕفـێندراون. ئاژانسه‌کان ده‌ڵێن ئه‌م هه‌واڵه‌‌ له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستێکی باڵیۆزخانه‌که‌وه له به‌غدا پشت ڕاستکراوه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش ده‌ڵێت ڕۆژی شه‌ممه‌ کۆمه‌ڵێک چه‌کدار هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر ئه‌و ڕوسیانه له گه‌ڕه‌کی مه‌نسور له به‌غدا و له ناوچه‌یه‌ک که ئه‌وه‌نده‌ له باڵیۆزخانه‌ی ڕوسیه‌وه‌ دوور نه‌بووه‌.

له لایه‌کی دیکه‌ش، لێپرسراوانی عێراقی ده‌ڵێن له میانه‌ی هێرشێکدا بۆ سه‌ر خاڵێکی پشکنینی ده‌زگای پۆلیس له شاری باقوبه‌، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 7 ئه‌فسه‌ری پۆلیس کوژراون و چواری دیکه‌ش لێیان بریندار بوون.

له به‌غداش، ته‌رمی به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 4 که‌س دۆزراونه‌ته‌وه‌ که جێ ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دان و جێگه‌ی برینداری گولله‌یان پێوه‌ بووه‌.

ئه‌م ڕووداوه‌ توندوتیژییانه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی خۆی ئاماده‌ ده‌کات بۆ پێشکه‌شکردنی ناوی به‌ربژاره‌کانی وه‌زیری ناوخۆ و به‌رگری به‌ په‌رله‌مانی عێراقی له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا.

‌ ‌

XS
SM
MD
LG