سه‌رۆك وه‌زیر نوری ئه‌لمالكی باری نائاسایی له شاری به‌سره‌ی باشوری عێراق ڕاگه‌یاندووه پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له پێكدادانی نێوان لایه‌نه شیعه ئاینزاكان له به‌سره.
به‌ڕێز ئه‌لمالكی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شاری به‌سره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت ئه‌م باره نائاساییه یه‌ك مانگیه‌ی ڕاگه‌یاند. به‌ڕێز ئه‌لمالكی په‌یمانیشی دا به‌وه‌ی به " گورزێكی پۆڵایین" ئه‌و چه‌ته چه‌كدارانه سه‌ركوت بكات كه له پشته‌وه‌ی توندوتیژییه‌كانی بهسرهوهن.
سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی له‌وه‌ته‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه پۆستی سه‌ره‌ك وهزیرییهكهی وه‌رگرت په‌یمانیدا بۆ سه‌قامگیری ئاسایش و ڕێگه‌گرتن له به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژییه ئاینزاییهكان.
له دوایترین ڕووداوه توندوتیژییه‌كانیش، كۆمه‌ڵێك چه‌كدار پێنج كه‌سی ناو پاسێكیان له باقوبه‌ی باشوری به‌غدا كوشتووه. پۆلیس گوتیشی ته‌رمی به لایه‌نی كه‌مه‌وه 40 كه‌سیان له ده‌وروپشتی به‌غدا دۆزیوه‌ته‌وه.
ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێكیش له شاری موسڵی باكوری عێراق بۆته هۆی برینداربوونی 19 كه‌س. له‌شكری ئه‌مریكیش ڕایگه‌یاندووه كه‌وا دوو ژنی عێراقی گیانیان له ده‌ستداوه پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ته‌قه‌یان له ئۆتۆمبیله‌كانیان كردووه به‌هۆی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌یان بۆ فه‌رمانی سه‌ربازه‌كان كه ڕابوه‌ستن. پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن ئه‌و ژنانه به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوون ده‌چوون، به‌ڵام نازانرێت ئایا ئه‌و ژنانه دووگیان بوون یان نا.
هه‌روه‌هاش له شاری دیوانیه‌ی باشوری عێراقیش، دره‌نگانێكی ڕۆژی سێشه‌ممه گه‌وره فه‌رمانبه‌رێكی پێشووی شاری موسڵ ته‌قه‌ی لێكراوه و كوژراوه.