سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقی ئه‌مڕۆ شه‌ممه جارێکی تر کۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له دانوستاندن له سه‌ر کاره‌کانی پێکهاتنی حکومه‌تێکی نوێی یه‌کگرتوو.
سه‌رۆک جه‌لال تاڵه‌بانی ڕۆژی هه‌ینی گوتی له‌وانه‌یه تاوه‌کو کۆتایی ئه‌م مانگه حکومه‌ته‌که پێک بهێنرێت.
لایه‌نه سیاسیه‌کانی عێراق له سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه و له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانتارییه‌کان ئه‌نجامدراوه، هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌و حکومه‌ته نوێی ده‌ده‌ن.
هاوکاتیش، سیناتۆر جۆن مه‌ککه‌ین و ژماره‌یه‌ک له فه‌رماندارانی ویلایه‌ته‌کان له به‌غدان تاوه‌کو ووت‌وێژی له‌گه‌ڵ ئه‌و لێپرسراوانه ئه‌نجام بده‌ن که هه‌وڵی پێکهاتنی ئه‌و حکومه‌ته نوێیه ده‌ده‌ن.
له به‌غدا، به‌ڕێز مه‌ککه‌ین کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی سازدا‌و گوتی ئه‌و خۆشحاڵه به‌وه‌ی له‌م کاته مێژووییه‌دا له عێراقه که تیایدا حکومه‌تێکی نوێ داده‌مه‌زرێنرێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا به گرنگی دامه‌زراندنی ئه‌و حکومه‌ته به زووترین کات.
له لایه‌کی تریشه‌وه، پۆلیس ڕایگه‌یاندووه که‌وا له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی لاڕێ ئه‌مڕۆ شه‌ممه له به‌غدا، 4 عێراقی کوژراوه.
ئه‌م هێرشانه‌ش ڕۆژێک پاش ڕوودانی زنجیره توندوتیژییه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی هات که تیایدا زیاتر له 24 که‌س گیانیان له ده‌ستدا.
له واشنتۆنیش، کۆنده‌لیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا گوتویه‌تی ئه‌مریکا به نیازه له کاتێکی گونجاو‌دا له‌گه‌ڵ ئێران‌دا کۆببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ووتوێژ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئاسایشی عێراق بکه‌ن.
ئه‌مریکا گوتویه‌تی هه‌ر جۆره گفتوگۆیه‌کی له‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ته‌نها سه‌باره‌ت به عێراق ده‌بێت و واشنتۆنیش ئێران تاوانبار ده‌کات به‌وه‌ی کێشه دروست ده‌کات.
پێشتریش له‌م هه‌فته‌یه‌دا، ئه‌مریکا گومانی له‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێران هه‌بوو که ڕازی بووه سه‌باره‌ت عێراق ووتوێژ بکات. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش گوتویه‌تی ئه‌و ڕازی بوونه‌ی ئێران زیاتر به‌هۆی ئه‌وه‌یه که ده‌یه‌وێت سه‌رنجه‌کان له‌سه‌ر به‌رنامه ناوه‌کیه‌که‌ی لاببات.