مه‌حمود عه‌باس به ڕۆژنامه‌ی هه‌راتزی ئیسرائیلی ڕاگه‌یاندووه که‌وا پێشنیاری وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کردووه که دانوستاندنه‌کانی ئاشتی به شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌ست پێ بکرێته‌وه. هه‌روه‌ها گوتویه‌تی ئه‌و پێشنیارێکی هاوشێوه‌شی به شیمۆن پێرێزی سه‌رۆک وه‌زیری پێشووی ئیسرائیل گوتووه.
به‌ڕێز عه‌باس گوتی ئه‌و ئاماده‌یه ئه‌و ڕێکه‌وتنه ئاشتییه‌ی ده‌یگه‌نێ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا بخرێته ریفراندۆمێکه‌وه.
به‌ڵام ئێهود ئۆڵمه‌رت که ئێستا کاروباری سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیل به‌ڕێوه ده‌بات، ڕۆژی هه‌ینی به ڕۆژنامه‌ی یادیۆت ئاهرۆنۆتی ڕاگه‌یاندووه که‌وا ئه‌و ناتوانێت هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌له‌ستینی وه‌ربگرێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی سۆزی که‌سێک. هه‌روه‌ها گوتی حه‌ماس زۆر کاریگه‌ره چونکه به‌ڕێز عه‌باس نه‌یتوانی سه‌ربکه‌وێت له سه‌قامگیرکردنی ڕه‌وشی فه‌له‌ستینیه‌کان.