ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانستان ده‌ڵێن دوو حاڵه‌تی نوێی ئه‌نفلۆنزای باڵنده له کابوڵی پایته‌خت و ناوچه‌ی که‌نار له ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات ده‌رکه‌وتووه.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه ته‌نها دوای چه‌ند ڕۆژێک له ته‌واوبونی ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هات که له‌سه‌ر یه‌که‌م حاڵه‌تی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده له ئه‌فغانستان ئه‌نجامدراوه و ئاکامی تاقیکردنه‌وه‌کانیش ئه‌و حاڵه‌ته‌یان پشتڕاستکرده‌وه.
هاوکات، وه‌زیری ته‌ندروستی کازاخستان ڕایگه‌یاندووه که‌وا قهلهنگێکی مرداربوویان له‌سه‌ر که‌ناری ده‌ریا دۆزیوه‌ته‌وه که باوه‌ڕده‌کرێت هه‌ڵگری ئه‌نفلۆنزای باڵنده بووبێت و ئێستا تاقیکردنه‌وه‌ی زیاتر بۆ ئه‌و باڵنده‌یه ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌ر له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، ده‌سه‌ڵاتداران له مالیزیا حاڵه‌تی نوێی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌یان له نێو مریشکه‌کانی ویلایه‌تی پێنانگ دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ سێهه‌م جاره له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا ده‌رکه‌وتنی ئه‌م نه‌خۆشیه کوشنده‌یه له مالیزیا ڕابگه‌یه‌ندرێت.
پێشتریش، وه‌زیری کشتوکاڵی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند که‌وا ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌یان له کێڵگه‌یه‌کی باڵنده و په‌له‌وه‌ڕی باشوری ئیسرائیل دۆزیوه‌ته‌وه و له‌وه‌ده‌چێت له جۆری کوشنده‌ی H5N1 بێت.