خانم کۆنده‌لیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ڵێت له‌وانه‌یه ووتوێژکردن له‌گه‌ڵ ئێران سه‌باره‌ت به عێراق سوود به‌خش بێت، به‌ڵام جه‌ختی کرده سه‌ر ئه‌وه‌ی که له‌و ووتوێژانه‌دا باس له به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێرانی ناکرێت.
خانم رایس ڕۆژی هه‌ینی له میانه‌ی سه‌ردانێکی دیپلۆماسیدا بۆ ئوستورالیا و دوای کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران جۆن هاوه‌رد گوتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و شوێنه‌یه که تیایدا ده‌بێت کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێرانی تیادا چاره‌سه‌ر بکرێت. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش ئێستا گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنوسی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ده‌کات که تیایدا داوا له ئێران بکات نیازه ناوه‌کیه‌کانی ڕابگرێت.
کوشکی سپیش ڕۆژی پێنج شه‌ممه ڕایگه‌یاند که‌وا هه‌ر جۆره گفتوگۆیه‌ک له نێوان ئێران و ئه‌مریکا دا ئه‌نجام بدرێت ته‌نها تایبه‌ت ده‌بیت به عێراقه‌وه. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریکیش، ستێفن هه‌یدڵی گوتی لێپرسراوانی ئه‌مریکی ئاماده‌ن نیگه‌رانیه‌کانیان سه‌باره‌ت به عێراقی و چالاکیه‌کانی ئێران له‌و وڵاته‌دا بۆ تاران ڕوو بکه‌نه‌وه.
ئه‌م تێبینیانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکیش دوای ڕاگه‌یاندنێکی عه‌لی لاریجانی سکرتێری باڵای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئێرانی هات که گوتبووی تاران ئاماده‌یه سه‌باره‌ت به سه‌قامگیرکردنی ڕه‌وشی عێراق گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا بکات.