سه‌رۆک بوش له زانکۆی جۆرج واشنتۆن له واشنتۆنی پایته‌خت، ده‌رباره‌ی شه‌ڕی عێراق ووتارێکی پێشکه‌ش کرد. ئه‌م ووتاره‌ی سه‌رۆک یه‌کێکه له‌و زنجیره ووتارانه‌ی له یادی سێهه‌مین ساڵڕۆژی چوونی ئه‌مریکا بۆ عێراق پێشکه‌شی ده‌کات.
سه‌رۆک بوش له‌م گوتاره‌دا باسی له وورده‌کارییه‌کانی مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی پۆلیسی عێراقی و هێزه له‌شکرییه‌کان کرد.
سه‌رۆک بوش گوتی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی له قه‌باره‌دا گه‌وره ده‌بن و زیاتر توانای ده‌ستکه‌وتنی باوه‌ڕ و متمانه‌ی عێراقیه سیڤیڵیه‌کانیان هه‌یه.
سه‌رۆک بوش گوتیشی هێزه‌کانی پۆلیس و له‌شکری عێراقی له‌م دواییه‌دا ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان بینیوه له ڕێگه‌گرتن له خزانی وڵاته‌که بۆ ناو ڕوشێکی بێ سه‌روبه‌ری و گێره‌شێوێنی دوا به دوای ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زارێکی پیرۆزی شیعه‌کان له سامه‌را.
سه‌رۆک بوش ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکی مه‌شق و ڕاهێنان به هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی ده‌که‌ن که ئێستا ژماره‌یان گه‌یشتۆته 130 به‌تالیۆن. هه‌روه‌ها ڕاهێنه‌رانی هێزی هاوپه‌یمان ئه‌و که‌سانه له به‌تالیۆنه‌کان لاده‌به‌ن که گومانیان لێ د‌ه‌کرێت لایه‌نگری چه‌کداری لایه‌نه تایفیه‌کان یاخود ئاینزاکانن.
جێی باسه، ڕاوه‌رگرتنێکی گشتی ئه‌م دواییه نیشانی‌دا که‌وا نزیکه‌ی 4/5 ی گه‌لی ئه‌مریکا، باوه‌ڕییان وایه عێراق به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕوات و ئه‌م ژماره‌یه‌ی ئه‌مریکیه‌کانیش له سه‌دا 70 ی ئه‌ندامانی پارتی کۆماری سه‌ر به سه‌رۆک بوش‌یش ده‌گرێته‌وه.
به‌ڵام، سه‌رۆک بوش به‌رده‌وام گه‌شبینه به‌رامبه‌ر به‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی له عێراق‌دا به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ده‌ستی کردووه به هه‌ڵمه‌تێکی نوێ بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکیه‌کان که‌وا به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ی ستراتیژێکی سه‌رکه‌وتووییان هه‌یه.