له ئه‌فغانستان، هێرشبه‌رێکی خۆکوژ به سواری ماتۆڕێکه‌وه بووه کاتێک که خۆی ته‌قاندۆته‌وه و له ئاکامدا به لایه‌نی که‌مه‌وه 13 که‌سی کوشتووه و 13 دیکه‌شی بریندار کردووه. هاوکات، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی لاڕێ بۆته هۆی کوشتنی ئه‌ندازیارێکی تورک.
قسه‌که‌رێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌فغانستان یوسف ستانێزایی ده‌ڵێت هێرشه خۆکوژییه‌که‌ی قه‌نده‌هار بنکه‌یه‌کی هێزی پاسه‌وانانی وێران کردووه. حه‌وت له کوژراوه‌کان پۆلیس بوون و ئه‌وانی دیکه که‌سانی سیڤیڵ بوون.
تاڵه‌بانه‌کانیش به‌رپرسێتی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م هێرشه نیشانداوه.
هه‌ر ڕۆژی سێشه‌ممه، له ناوچه‌ی فه‌ره‌ح، ئه‌ندازیارێکی تورک گیانی له ده‌ستداوه کاتێک که بۆمبێک له‌سه‌ر شاڕێی نێوان حه‌رات بۆ قه‌نده‌هار ته‌قیوه‌ته‌وه.
له لایه‌کی تریش، له شارۆچکه‌ی سپن بۆڵداک ی نزیک سنوری پاکستان بۆمبێکی تر ته‌قیوه‌ته‌وه که له پایسکیلێکه‌وه به‌سترا بوو و له ئه‌نجامدا که‌سێکی سیڤیڵ بریندار بووه.
جێی باسه، ڕووداوه توندوتیژییه‌کان له ئه‌فغانستان پتر بووه له‌وه‌ته‌ی هێزه‌کانی ئاشتیخوازی ناتۆ ده‌ستیان کردووه به زیادکردنی هێزه‌کانیان له ناوچه‌کانی باشوری وڵات.