Accessibility links

باڵیۆز برێمه‌ر: نه سوریا و نه ئێران ڕۆڵی یارمه‌تیده‌رییان له عێراقدا نیه‌


ئه‌م گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ باڵیۆز پۆڵ برێمه‌ر به‌ڕێوبه‌ری پێشووی ده‌سه‌ڵاتی كاتی عێراق‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی به‌شی كوردی عومه‌ری شێخ موس سازدراوه‌.

عومه‌ری شێخ موس: باڵیۆز پۆڵ برێمه‌ر بۆچی گه‌وره‌ترین و ئاسانترین سه‌ركه‌وتنی له‌شكری هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م له عێراق له ده‌ست درا و به ‌فیڕۆ چوو... ئایا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه هێزی ته‌واو نه‌بوو؟ یان فاكته‌ری تری گرنگ هه‌بوون؟ وه‌كو نه‌بونی به‌رنامه‌ و پلانێك بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چه‌سپاندنی ئاشتی له عێراق؟

باڵیۆز برێمه‌ر: یه‌كه‌م پێم وانیه‌ به‌ فیڕۆچوون بێت، چونكه‌ ئه‌مڕۆ عێراق ئازاده‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌ بووه‌ به‌ر له شه‌ڕ ویستبویان و ئه‌مه‌ش په‌ره‌سه‌ندنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ 27 ملیۆن كه‌س. پلانیش هه‌بوون له پاش شه‌ڕ چی بكرێت و ئه‌و پلانانه‌ش له لایه‌ن پنتاگۆنه‌وه‌ به‌ر له شه‌ڕ دانرابوون، به‌ڵام دووچاری شه‌ڕێكی سه‌خت تر هاتن.... دووچاری شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن هاتن. پلانه‌كان بۆ ڕووداوه‌كان بوون كه ڕوویان نه‌دا وه‌ك كاره‌ساته‌ مرۆییه‌كان، ژماره‌ی زۆری په‌نابه‌رێتی یان ئاگر تێبه‌ردانی بیره نه‌وتیه‌كان. ئه‌مانه‌ ڕوویان نه‌دا.... جا كه‌ من گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ پرسیم كێشه‌كانی سه‌ر زه‌مین چین و با پلانی خۆمانی بۆ دابنێین و پلانیشمان بۆ دانا و له ماوه‌ی دوو مانگدا پلانێكی ستراتیژیمان دانا.

عومه‌ر شێخ موس: بۆچی هێز و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هێزی هاوپه‌یمان پاش سه‌ركه‌وتن له عێراق، نه‌یانتوانی خزمه‌ته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ گه‌لی عێراق دابین بكه‌ن؟ هه‌روه‌ها بۆ چی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخانی پێویست ئه‌وه‌نده دواخرا پێش ده‌ستپێكردنی یاخیبوان له عێراق؟

باڵیۆز برێمه‌ر: یه‌كێ له‌و شتانه‌ی بووه‌ مایه‌ی واق وڕمانی من و هاوكاره‌كانیشم ئه‌و وێرانیه‌ بوو كه ژێرخانی عێراقی تیادابوو... ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ووزه‌ی ئه‌لكتریك وه‌ربگرین كه مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ بوو... عێراق به‌ر له‌ شه‌ڕ ته‌نها له سه‌دا شه‌ستی ووزه‌ی ئه‌لكتریكی دروست ده‌كرد بۆ ووڵاته‌كه‌... ئه‌مه‌ له ده‌ره‌وه‌ی عێراق به باشی نه‌ده‌زانرا و ته‌نانه‌ت له‌ ناو عێراقیشدا نه‌زانراو بووه‌. چونكه‌ سه‌دام حوسه‌ین له ووزه‌ی ئه‌لكتریكی ناوچه‌كانی ده‌دزی، جا به‌غدا ڕۆژانه‌ له‌وانه‌ بوو كه شانزده‌ كاتژمێر ئه‌لكتریكی هه‌‌بێت و شارێكی وه‌ك به‌سره‌ش له باشوری عێراق له‌وانه‌ بوو دوو بۆ سێ كاتژمێر ئه‌لكتریكی هه‌بووبێت.
یه‌كێ له‌و شته به‌راییانه‌ی كردمن به پێی ڕێكه‌وتنێك هاوبه‌شی ووزه‌ی ئه‌لكتریك بوو. ئه‌گه‌ریش بگه‌ڕێینه‌وه‌ ئاسته‌كانی دروستكردنی ووزه‌ی ئه‌لكتریك له ڕۆژانی به‌ر له‌ شه‌ڕیش تا ڕۆژی یه‌كی مانگی ده‌ی ساڵی 2003 ئێمه‌ له‌سه‌دا شه‌ستی ئه‌و داخوازییه‌ی بۆ ووزه‌ی ئه‌لكتریك هه‌بوو له‌سه‌ر وه‌ختی به‌ر له‌ شه‌ڕدا دروستمان ده‌كرد. ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین داخوازی بۆ ووزه‌ی ئه‌لكتریك له دوای شه‌ڕ زیادی كردووه‌ چونكه‌ بۆ یه‌كه‌م جار بوارمان بۆ وولاته‌كه‌ ڕه‌خساند كه‌ره‌سته‌ و كه‌لوپه‌لی ئه‌لكتریكی نوێ و زیاتر بێننه‌ ووڵاته‌كه‌وه‌. كه‌واته‌ دڵخۆشكه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌‌م دووساڵه‌ی ڕابردوودا ئابوری گه‌شه‌ی كردووه... ئه‌مه‌ش یانی داواكردنی زیاتری ووزه‌ی ئه‌لكتریك به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێكی زۆرتر پێویسته‌. كه‌ له‌وانه‌یه‌ 4000 میگاواتی ترییان بوێت و ئه‌مه‌ش یانی دامه‌زراوی وه‌‌به‌رهێنانی ووزه‌ی ئه‌لكتریكی ده‌وێت و هه‌ڵبه‌ته‌ش ئه‌مه‌ له‌ شه‌وێكدا ناكرێت.

عومه‌ری شێخ موس: به جیاوازی له‌گه‌ڵ زۆر له شاره‌زایان و چاودێرانی عێراق، جه‌نابت باوه‌ڕی به توانای گه‌لی عێراق ده‌كه‌یت بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراتی له‌و ووڵاته‌دا، باشه‌ ئه‌م گه‌شبینیه‌ له‌ چیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت؟

باڵیۆز برێمه‌ر: دڵنیایی من له تواناییه‌كانی عێراقیه‌كان بۆ خۆ به‌ڕێوبردن له ووتوێژم له‌گه‌ڵ ده‌یان هه‌زار عێراقیدا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردوون، گوێمان لێگرتوون تا بزانین سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان، یاسانانسان، ژنان چییان ده‌وێت. هه‌روه‌هاش سه‌یركردنی ئه‌نجامه‌كانی ڕاوه‌رگرتنه‌ گشتیه‌كان و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه گرنگانه‌ش. هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پانزده‌ی دوانزده‌ به ڕاستی جێی سه‌رنجه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی تیرۆرستان هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی به‌شداربونیان ده‌كرد، به‌ڵام ژماره‌ی ده‌نگده‌ران ی به‌شداربییان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كرد.. زیاتر بوو له به‌شداری ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ماوه‌ی زیاتر له سه‌د ساڵی ڕابردوودا. ئه‌مانه‌ش ڕاست پێم ده‌ڵێن عێراقیه‌كان دیموكراسییان ده‌وێت و ئه‌وه‌ش هه‌روا ئاسان نیه‌ به‌ڵام بێگومان دیموكراسییان ده‌وێت.

عومه‌ر شێخ موس: ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی Meet the Press كه‌ناڵی NBC له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆی عێراقت كه‌م كرده‌وه‌. له‌مه‌دا هاوبیری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تاڵه‌بانی و زۆر له سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق... ئایا چوارچێوه‌ گشتیه‌كه‌ی ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌ چیه‌؟

باڵیۆز برێمه‌ر: پێم وایه‌ دوو خاڵ هه‌ن گرنگن. یه‌كه‌میان مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی له‌شكری بوو كه ڕێبه‌رانی كورد واته به‌ڕێز تاڵه‌بانی و به‌ڕێز بارزانی... دڵنیا كرده‌وه‌ ئێمه‌ ڕژدین له‌سه‌ر هێنانه‌ كایه‌ی عێراقێكی نوێ و ئه‌مه‌ش وایكرد وابه‌سته‌ییمان به عێراقێكی یه‌كگرتووه‌ هه‌بێت. ئه‌مه‌ خاڵێكی مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ بوو ئه‌گه‌ر هاتب و كورده‌كان بڕیاری جیابونه‌وه‌یان دابا كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسی شه‌ڕێكی تری به‌رفراوانی ناوجه‌یی ده‌هێنایه‌ كایه‌ و سوریا و ئێران و له‌وانه‌شه‌ توركیا تیادا بونایه‌.
خاڵی دووهه‌میش، شیعه‌ ئاینزاكانن كه به‌ گشتی له‌سه‌دا سه‌شتی دانیشتوانی عێراق پێكده‌هێنن. قسه‌م له‌گه‌ڵ زۆر له ڕێبه‌رانی شیعه‌ ئاینزادا كردووه. ڕوانینی من وایه‌ كه عێراقێكی یه‌كگرتووییان ده‌وێت و نایانه‌وێت حكومه‌تێكی هاوشێوه‌ی ئێران دابمه‌زرێنن. ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌وا كێشه‌ دروست ده‌بێت چونكه پێم وایه‌ كورده‌كان پێی قایل نابن ، به‌ڵام نیگه‌رانیم هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كاریگه‌ری میلیشیا شیعه‌ ئاینزاكان له هێزه‌ ئاسایشه‌كانی باشوری عێراقدا... پێم وایه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسی به‌خش ترین شتێكه‌ و ده‌بێت ڕاگیرێت.. چونكه‌ ده‌شێت ئه‌و مه‌ترسیه‌ به ئاڕاسته‌ی توند و تیژی ئاینزاییدا ببات. بێومان نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین زه‌رقاوی ئاشكرایانه‌ قسه‌ی كردووه و ده‌یه‌وێت ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ له عێراقدا بكاته‌وه‌.

عومه‌ری شێخ موس: ماوه‌ییه‌كی كورت له‌مه‌و پێش له وه‌زیرێكی عێراقیم پرسی " ئایا ده‌توانن ئاسایش له ووڵاتی خۆتاندا بچه‌سپێنن و به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵداوان و خراپكاراندا سه‌ركه‌ون، ئه‌گه‌ر هێزی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق بكشێنه‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا گوتی: " بێگومان ده‌توانین ئه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌مریكیه‌كان ئێستا ده‌ستمان ده‌به‌ستن له هه‌ندێ هه‌نگاو و كرده‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بكشێنه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی خێراتر و كاریگه‌رتر چاره‌سه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌ بكه‌ین" دیتنی جه‌نابت سه‌باره‌ت به‌م وه‌ڵامه‌ چیه‌؟

باڵیۆز برێمه‌ر: حكومه‌ت له عێراق حكومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراوه و ساڵێكیشه هه‌ڵبژێردراوه و ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش خوازیاری وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ داوامان لێ بكه‌ن ووڵاته‌كه‌ جێ بهێڵین. پێم وانیه‌ ئه‌‌و ڕایه‌ ڕای هه‌موو ئه‌و عێراقیانه‌ بێت كه بۆ خۆم قسه‌م له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بیت ئه‌وه‌ ڕای خۆیه‌تی.

عومه‌ری شێخ موس: به‌ڕێز باڵیۆز برێمه‌ر، ووڵاته‌ هه‌ره گرنگه‌كانی جیهانی عه‌ره‌ب وه‌كو میسر، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و ئوردن و هه‌ندێكی ترییان دوو دڵی نیشان ده‌ده‌ن له یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه هاوپه‌یمانی نزیكی ئه‌مریكان، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟

پێم وایه‌ گرنگه‌ یه‌ك به‌ یه‌ك وه‌ریان بگرین ، ئوردونیه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌وه‌ پشتیوانیه‌كی زۆرییان كردووین كه ڕێگه‌یاندا هه‌ندێ له هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانمان له شانشینی ئوردونه‌وه‌ كاری خۆیان بكه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌ی له عێراق بووم، چه‌ند جارێك شا عه‌بدوڵڵام بینیوه‌ و به په‌رۆشیه‌وه‌ هاتۆته‌ پێش بۆ مه‌شق و ڕاهێنان پێكردنی پۆلیسی عێراقی، جا به‌ڕاستی دروست نیه‌ گه‌ر بڵێین شانشینی ئوردون هاوكار نه‌بووه‌.
بۆ ووڵاتی میسریش، میسرییه‌كان قایل بوون به هه‌ندێ مه‌شق و ڕاهێنان پێكردنی هێزه‌كانی پۆلیس و هێزه‌كانی له‌ناوبردنی تیرۆریزم. له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوشدا كه پێم وایه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی و عه‌مر موسا ی سكرتێری گشتیه‌كه‌ی به‌شدارییان هه‌یه‌ تا په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسیانه‌ی هه‌بێت بۆ گفتوگۆكردن و تاوتوێ كردنی كێشه‌ی عێراق. جا بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق ڕووده‌دات له لایه‌ن زۆر ووڵات له ناوچه‌كه‌دا دانی پیاده‌نێن سه‌ركه‌وتن به ده‌ست دێت و عێراق ده‌بێته‌ ووڵاتێكی دیموكراسی و ده‌شیانه‌وێت كۆمه‌ك و یارمه‌تی بده‌ن.

عومه‌ر شێخ موس: به‌ ڕای جه‌نابت ئێران و سوریا ده‌توانن پرۆسه‌ی سیاسی و ئاسایش له عێراق تێك بده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی له لوبنان ده‌یانكرد یان تووشبونیان به‌ هه‌ندێ گیروگرفتی تازه‌ی ناو ووڵاته‌كانی خۆیان ڕێگایان لێ ده‌گرێت بتوانن ڕۆڵێكی وا ببنینن؟

باڵیۆز برێمه‌ر: بێگومان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، نه سوریا و نه ئێران ڕۆڵی یارمه‌تیده‌رییان نیه‌ له عێراقدا به‌ تایبه‌تی سورییه‌كان ڕێگه‌یانداوه‌ به‌ گه‌وره ‌به‌عسیه‌كان و گه‌وره‌ ئه‌ندامانی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام تا كاره‌كانی خۆیان له سوریاوه‌ بكه‌ن و هه‌روه‌هاش له هه‌وڵی ڕێكخستنی یاخیبواندان له‌وێوه‌ و ئۆردوگای مه‌شق و ڕاهێنان پێكردنیان داناوه‌. له‌وانه‌ش گرنگتر، بوارییان بۆ تیرۆرستانی بیانی ڕه‌خساندووه‌ كارێكی ئه‌وتۆیان نه‌كردووه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ عێراقدا.
له لایه‌كی تریشه‌وه‌، وه‌ك ئاماژه‌ت پێكرد... سوریا كێشه‌‌ی زۆری له لوبناندا هه‌یه‌ و هیوادارم ئه‌مه‌ وای لێ بكات دوور بكه‌وێته‌وه‌. ئێرانیش ده‌ستێوه‌ردانی خۆی هه‌یه‌ له باشوری عێراق له‌ ڕێی پاسداره‌كانیه‌وه و ئه‌ندامانی ده‌زگا ئیتیلاعاتیه‌كانیه‌وه‌ و ڕۆڵێكی یارمه‌تیده‌رییانن نه‌بووه‌. به‌ڵام پێم وانیه‌ ئه‌م دوو ووڵاته‌ بتوانن ڕێ له به‌ره‌وپێشچونه‌كانی عێراق بگرن.

عومه‌ر شێخ موس: ده‌بێ له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی به‌ڕێوبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی كاتی له عێراق بوویت، گفتوگۆی زۆرت كردبێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حكومه‌تی توركیا كه زۆر نیگه‌ران بوون سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی سسیسته‌م و حكومه‌تێكێ فیدرالی له عێراق، كه تیایدا شوێنێكی تایبه‌تی به هه‌رێمی كوردستان بووبێت، ئایا توانیت له‌و گفتوگۆیانه‌دا ئارامیان بكه‌یت و نیگه‌رانیه‌كانیان خاو بكه‌یت و هانیان بده‌یت بۆ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق یان نا؟

چه‌ند ووتوێژێكم هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌بوون ئه‌وه‌نده‌ی گرنگ بێت. ڕێبه‌‌رانی عێراقی ووتوێژییان له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا هه‌بووه له‌وانه ووتوێژه‌كانی سه‌رۆك تاڵه‌بانی كه سه‌ردانی توركیای كرد له‌گه‌ڵ ده‌له‌گاسیۆنێكی گه‌وره‌دا و ئه‌وه‌یان به توركه‌كان گوتووه‌ پێویست ناكات نیگه‌رانییان هه‌بێت. بۆ خۆم زۆر بڕوام به‌وه‌یه‌ كه پێویسته‌ كورده‌كان- كورده‌كانی عێراق وابه‌سته‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوو بن. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك كه ده‌شێت هێنانه‌ كایه‌ی پشێوییه‌كی له‌ ناوچه‌كه‌دا لێ بكه‌وێته‌وه‌. توركه‌كانیش به‌رژه‌وه‌ندییان له بونیات نانه‌وه‌ی ئابوری و بواره‌كانی بازرگانیدا هه‌یه‌ و ئه‌و كاته‌ی له‌وێ بووم بازرگانیان هه‌بوو.‌

عومه‌ر شێخ موس: به‌ڕێز باڵیۆز برێمه‌ر، خۆت زۆر ماندوو كرد له‌و ماوه‌یه‌ی كه به‌ڕێوبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی كاتی له عێراقدا بوویت بۆ ئاماده‌ كردن و نووسینی ده‌ستورێكی زۆر پێشكه‌وتوو و بێ و وێنه‌ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ، ده‌ستورێكی عه‌لمانی و دیموكرات ، ئێسات هه‌ست به‌ چی ده‌كه‌یت پاش ساڵێك له به‌ جێ هێشتنی عێراق، خه‌ریكه‌ سیسته‌مێكی نیمچه‌ عه‌لمانی و نیمچه‌ ئایینی له عێراق بێته‌ كایه‌وه؟

ته‌واو دڵنیا نیم له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌زه‌نده كردنانه‌ كۆك بم یان نا... ئه‌گه‌ر بڕوانیته ده‌ستوری ووڵاته‌كه‌ ووڵاتیانی عێراقی په‌سه‌ندییان كرد كه له سه‌ر بنچینه‌ی یاسای به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت داڕێژرا، به‌ندی گه‌لێ تۆكمه‌ی سه‌باره‌ت به مافه‌كانی ژنان و كه‌مایه‌تیه‌كانی تیادایه‌... سه‌روه‌ری یاسا ده‌سه‌پێنێت، هاوسه‌نگی هێزی تیادایه‌ به پێكهاته‌ی فیدرالیه‌وه‌ كه ئه‌مه‌ش گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی تاكه‌ كه‌س. ئه‌مانه‌ش مانای ئه‌وه‌ نین كه نیگه‌رانی نه‌بێت. پێم وایه ‌نیگه‌رانی ڕه‌واش هه‌ن به تایبه‌تی له ڕوانگه‌ی هه‌ندێ ژنانی عێراقیه‌وه كه هه‌ندێ له‌ ئیسلامیه‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌و مافانه‌ كه‌م كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام شته‌ باشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه ئه‌و ده‌ستوره له لایه‌ن په‌رله‌مانی نوێ وه‌ ده‌ستكاری تیادا ده‌كرێت و له دره‌نگانێكی ئه‌مساڵیشدا ئه‌و ده‌ستوره‌ ده‌ستكاری كراوه‌ ده‌خرێته‌وه‌ به‌ر ریفراندۆمێك بۆ په‌سه‌ندكردنی.

XS
SM
MD
LG