هه‌لیكۆپته‌رێكی ئه‌مریكی له نزیك به‌غدا كه‌وتۆته خواره و چاره‌نوسی دوو فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ناوی نه‌زانراوه.
له‌شكری ئه‌مریكی له‌م ڕووداوه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه ده‌كۆڵێته‌وه كه له دووری چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌م له باكوری پایته‌ختی عێراق ڕوویداوه.
گه‌واهده‌ران ده‌ڵێن واپێده‌چێت موشه‌كێك بۆ ئه‌و هه‌لیكۆپته‌ره هه‌ڵدرابێت كه كه‌وتۆته خواره‌وه. هاوكات، گروپێكی یاخیبوانیش گوتویانه ته‌قه‌یان له فڕۆكه‌یه‌ك كردووه و خستویانه‌ته خواره‌وه و ئه‌م هه‌واڵه‌یان له‌سه‌ر ماڵپه‌رێكی ئنته‌رنێتدا بڵاوكردۆته‌وه.
له به‌ره‌ی سیاسیش‌دا، كاربه‌ده‌ستانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه سه‌باره‌ت به‌و فڕوفێڵانه ئه‌نجامدراون كه گوایا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامدراون.
دوا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش پێشبینی ده‌كرێت له دره‌نگانێكی ئه‌م مانگه‌دا ڕابگه‌یه‌ندرێت. ڕاپۆرته سه‌ره‌تاییه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌وا گروپی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانی شیعه‌كان زۆرینه‌ی ده‌نگیان به ده‌ست هێناوه.