ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی جارێکی دیکه داوا له ووڵاتان ده‌کات خۆیان بۆ ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای ئه‌نفلوه‌نزا ئاماده بکه‌ن. ئه‌م هۆشدارییه له کاتێکدا هات که جه‌خت له‌سه‌ر دوو حاڵه‌تی تری قوربانی به نه‌خۆشی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له چین و دوانی دیکه له تورکیا کرابوو.
کاربه‌ده‌ستانی ته‌ندروستی له چین ده‌ڵێن دوو که‌س به نه‌خۆشیه‌که گیانیان له‌ده‌ستداوه و باوه‌ڕده‌کرێت هه‌ڵگری ڤایرۆسی جۆری H5N1 بوون، یه‌کێکیان کچێکی ته‌مه‌ن 10 ساڵه له ناوچه‌ی گوانگخی باشوری چین و ئه‌ویتریان پیاوێکی ته‌مه‌ن 35 ساڵه و خه‌ڵکی نوچه‌ی ژانگخی ڕۆژهه‌ڵاتی ووڵات بووه. ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش له تورکیا دوو که‌سی دیکه به هه‌مان ڤایرۆس گیانیان له ده‌ستدا.
ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانیش له میانه‌ی ڕاگه‌یاندنێکدا داوای له حکومه‌ته‌کانی جیهان کردووه ئه‌م حاڵه‌تانه وه‌ک هۆشدارییه‌کی زوو وه‌ربگرن و خۆیان بۆ ڕاگرتنی هه‌موو نیشانه‌یه‌کی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه ئاماده بکه‌ن.
رۆی وادیا، قسه‌که‌ری ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له په‌کین گوتویه‌تی هێشتا هه‌ر زانیارییه‌کان باشترین چه‌کی ئێمه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه. هه‌روه‌ها گوتی ده‌بێت خه‌ڵکی ووریا بکرێته‌وه له‌وه‌ی چی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده و په‌له‌وه‌ڕه و چ حاڵه‌تێک ئه‌و ئه‌نفلوه‌نزایه نیه و ده‌بێت خه‌ڵکی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌رباره‌ی نه‌خۆشیه‌که بزانن و چۆن بڵاو ده‌بێته‌وه و چۆن بڵاونابێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی چینی ڕۆژی چوارشه‌ممه گوتیان 42 هه‌زار پهلهوهڕییان له ناوچه‌ی گویژاۆ سه‌ربڕیوه دوای ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌رکه‌وت که 16 هه‌زار باڵنده به جۆری H5N1له هه‌فته‌ی ڕابردوودا مردوون.
کاربه‌ده‌ستانی چینیش ڕه‌خنه‌یان لێگیراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی خێرا کۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌که‌یان نه‌کردووه و خانه‌ی نموونه‌یی تووشبوو به‌م نه‌خۆشییه‌یان له کاتێکدا زوودا به کارمه‌ندانی ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی نه‌داوه. هه‌روه‌ها چاودێرییه‌کی چاکی گوند و ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شارییان نه‌کردووه که ژماره‌یه‌کی زۆری باڵنده و په‌له‌وه‌ڕی لێیه.