چین یه‌كه‌م حاڵه‌تی قوربانی مرۆڤی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده جه‌خت ده‌كاته‌وه له كاتێكدا ئه‌نده‌نوسیا مردنی دوو كه‌سی تری به‌م نه‌خۆشیه ڕاگه‌یاند.
كاربه‌ده‌ستانی چینی ده‌ڵێن كرێكارێكی یه‌كێ له كێڵگه‌كانی باڵنده و په‌له‌وه‌ڕ كه ته‌مه‌نی 24 ساڵه له ناوچه‌ی ئانهوی ڕۆژهه‌ڵاتی چین به نه‌خۆشی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده گیانی له ده‌ستداوه.
له باشوری ناوچه‌ی هه‌نانیش، كوڕێكی ته‌مه‌ن 9 ساڵ كه ده‌ركه‌وتبوو ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ی هه‌بێت، چاكبوونه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه. به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ته‌ندروستی چینی گومان ده‌كه‌ن كه هه‌مان ڤایرۆس بووبێته هۆی مردنی خوشكی ئه‌و كوڕه له مانگی ڕابردوودا.
هاوكات، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌نده‌نوسیا ده‌ڵێت دوو كچی ته‌مه‌ن 20 و 16 له هه‌فته‌ی ڕابردوودا به نه‌خۆشی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده گیانیان له ده‌ستداوه. هه‌ردووكیان كه له جه‌كارتا ژیاون باوه‌ڕده‌كرێت ده‌ستیان له مریشكی مردووی توشبوو به‌و ڤایرۆسه‌یان دابێت. به‌م شێوه‌یه‌ش سه‌رجه‌می ژماره‌ی قوربانیه‌کانی ئه‌نده‌نوسیا گه‌یشته حه‌وت كه‌س.