ڕێبه‌ری پێشووی عێراقی سه‌دام حوسه‌ین له میانه‌ی پرۆسه‌ی دادگایی کردنهكهی رۆژی چوارشه‌ممه‌دا، خۆی به بێ گوناه له قه‌ڵه‌مدا بۆ ئه‌و تاوانه‌ی خراوه‌ته پاڵی ده‌رباره‌ی فه‌رمانکردن به کوشتنی زیاتر له 140 که‌س له شیعه‌کانی شارۆچکه‌ی دوجه‌یل پاش هه‌وڵێکی سه‌رنه‌كه‌وتو بۆ کوشتنی سه‌دام له ساڵی 1982.
دادگایی کردنه‌كه به ڕازی نه‌بوونی سه‌دام بۆ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی دادوه‌ر که خۆی بناسێنێت، ده‌ستی پێ‌کرد. سه‌دام ڕایگه‌یاند که ئه‌و سه‌رۆکی عێراقه و گوتی ئه‌و دان به‌و دادگایه‌دا نانێت و نازانێ کێن.
ته‌له‌فزیۆنی عێراقی وێنه‌ی سه‌دام و حه‌وت گوناهباره‌کانی تری بڵاوکرده‌وه که له ژێر ئاسایشێکی توندا، ئاماده‌ی دادگا بوون. هه‌روه‌ها حه‌وت ئه‌ندامی پێشووی ڕژێمه‌که، خۆیان به بێ گوناه له قه‌ڵه‌مدا.
دادوه‌ر ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هاتوو تاوانه‌کانیان به‌سه‌ردا بچه‌سپێنرێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه ڕوبه‌ڕووی حوکمی ئیعدام بکرێنه‌وه.
جێی باسه، ڕێبه‌رانی باڵای عێراقی به به‌شداری دیپلۆماتان و ڕۆژنامه‌وانان و چاودێرانی مافی مرۆڤی نێونه‌ته‌وه‌یی له نزیکه‌وه ته‌ماشای چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی دادگایی کردنه‌که‌یان کرد. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له دادگایه‌کی تایبه‌تدا به‌ڕێوه‌چوو که ده‌که‌وێته ناوچه‌ی گرین زۆون له به‌غدا.
له‌م باره‌یه‌وه، په‌یامنێرمان سروه عه‌بدولواحد ڕاپۆرتێكی بۆ ناردووین و بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی باسه‌كه، كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی لای سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بكه.