له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌وه، پشوویه‌کی چوار ڕۆژی له عێراق ده‌ستیپێکرد پێش ئه‌وه‌ی
ریفراندۆمی تایبه‌ت به ده‌ستوری نوێی ووڵاته‌که له ڕۆژی شه‌ممه‌دا ئه‌نجام بدرێت. خاڵی پشکنینی نوێ له نزیک بنکه‌کانی ده‌نگدان دانراوه و ئاسایش له توند کردندایه.
کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن له شه‌وی پێنج شه‌ممه‌وه، شه‌وانه له کاتژمێر 6:00 ی ئێواره‌وه تاوه‌کو6:00 ی سه‌ر له به‌یانی هاتوچۆ قه‌ده‌غه ده‌کرێت. له ڕۆژی هه‌ینیشدا، عێراق سنوره‌کانی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێ داده‌خات. هاوکات، ئه‌و زیندانیانه‌ی که تاوانبار نین له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ن، له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌وه ده‌ستیان کردووه به پرۆسه‌ی ده‌نگدانی پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی ڕه‌سمی له ڕۆژی شه‌ممه له سه‌رانسه‌ری ووڵاتدا ده‌ست پێ بکات.
نزیکه‌ی 15.5 ملیۆن عێراقی مافی به‌شداربوونی له ده‌نگداندا هه‌یه. جێی باسه، له دره‌نگانێکی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا، په‌رله‌مانی عێراق ڕێکه‌وتنێکیان مۆر کرد که بۆ بردنه‌وه‌ی پشتگیری عه‌ره‌به سونه‌کان بوو که پێشتر به شێوه‌یه‌کی گشتی دژایه‌تی ده‌ستورییان ده‌کرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی دابه‌ش بوونی ووڵاته‌که‌یان هه‌یه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، هێشتا زۆربه‌ی گروپه سونه‌کان ده‌ڵێن ئه‌وان به نه‌خێر ده‌نگ ده‌ده‌ن..