Accessibility links

واشنتن پۆست: پارێزەرەکەی سەرۆک ترامپ هەوڵیداوە یەک ملیۆن دۆلار لە قەتەڕ وەربگرێت


مایکڵ کۆهین

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕایگەیاند مایکڵ کۆهینی پارێزەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی دوانزەی ساڵی2016 دا داوای یەک ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی قەتەڕ کردووە لەبەرامبەر بەشداریکردنی قەتەڕ لە بەرنامەیەکی ئەمەریکادا بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا.

ڕۆژنامەی واشنت پۆست ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا وتی قەتەڕ پێشنیارەکەی کۆهینی ڕەت کردۆتەوە، هەندێک کەسیش ئاگاداری ئەو بابەتە بوون. هەروەها دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دیکەش ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەیان بەوەدا کۆهین داوای پارەی لە ئەحمەد ڕەمیحی کردووە کە ئەو کات سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی سندوقی وەبەرهێنانەکانی سامانی قەتەڕ بووە.

واشنت پۆست وتیشی کۆهین لەمیانەی کۆبوونەوەکەیان لە ترامپ تاوەر لە نیویۆرک لە دوانزەی مانگی 12ی ساڵی 2016 دا ئەو پێشنیارەی بۆ ڕەمیحی کردووە.

واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەدا ڕەمیحی بە کۆهینی ڕاگەیاندووە کە قەتەڕ پێشبینی وەبەرهێنان دەکات لە پلانەکانی سەرۆک ترامپدا لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەمەریکادا بۆ ژێرخانی ئابووری. کۆهینیش پێشنیاری یارمەتی کردووە بۆ دۆزینەوەی کۆمەڵێک پڕۆژە کە قەتەڕ سەرپەرشتی بکات لەبەرامبەر یەک ملیۆن دۆلاردا.

داواکەی کۆهین بۆ قەتەڕ نوێترین داوایە لەو جۆرە کە ڕاگەیاندنەکان ئاشکرایان کردووە دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەوروپییەکان دانیان بەوەدانا کە پارەیان داوە بە کۆهین کە ماوەی 10 ساڵ پارێزەری سەرۆک ترامپ بووە و خۆی بە نێوەندگیر ناساندووە و کاری بۆ سەرۆک ترامپ کردووە.

کۆمپانیای دەرمانی سویسری نۆڤارتس ڕایگەیاند نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلاری داوە بە کۆهین لەکاتێکدا کۆمپانیای پەیوەندی ئەمەریکا ئەی تی ئاند تی وتی 600 هەزار دۆلاری داوە بە کۆهین و کۆمپانیای کۆریاش بۆ پیشەسازی فەزائی کۆریای باشوور وتی 150 هەزار دۆلاری داوە بە کۆهین.

نۆڤارتس و ئەی تی ئاند تی وتیان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 دا ئۆفیسی لێکۆڵەرەوەی تایبەتی ئەمەریکی ڕۆبەرت موڵەر پەیوەندیی پێوە کردوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG