Accessibility links

ئۆکرانیا هەمان هەنگاوی ئەمەریکا دەنێت و سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیا و لایەنە ڕوسییەکاندا


سەرۆکی ئۆکرانیا پیترۆ پۆرۆشینکۆ

سەرۆکی ئۆکرانیا پیترۆ پۆرۆشینکۆ وتی وڵاتەکەی بڕیاریداوە سزاکانی سەر کۆمپانیا و لایەنە ڕوسییەکان فراوانتر بکات وەکو چۆن ئەمەریکا کردی و کۆمەڵێک کەسایەتی کار و هاوپەیمانانی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنی خستە لیستی ڕەشەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا نیمچە دوورگەی قەرمی داگیرکرد و هاوکاری جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کرد کە پشتیوانی لە ڕوسیا دەکەن، کیێڤ وەکو وەڵامدانەوەیەک سزای سەپاند بەسەر سەدان کۆمپانیا و لایەنی ڕوسیدا.

پۆرۆشینکۆ لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری وڵاتەکە وتی " بە بڕیاری ئەمڕۆ سزای نوێمان سەپاند. بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو سزایانەدا کە ئەمەریکا سەپاندوویەتی بەسەر ئەو لایەن و کەسایەتییانەدا کە سەر بە ڕوسیان."

بەڵام ئەو کەسایەتییانەی دیاری نەکرد کە سزاکانی دەیانگرێتەوە و هەروەها باسی لەوەش نەکرد کەی ئەم سەپاندنی سزایانە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام پێشتر وتبووی ئۆکرانیا سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو کەسایەتیە کارانەی ڕوسیاوە کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن وەکو ئۆلیچ دیریپاسکا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی چواردا ئەمەریکا سزای گەورەی سەپاند بەسەر 24 ڕوسیدا لەنێویاندا دیریپاسکای تێدابوو کە کاری دروستکردنی ئەلەمنیۆم دەکات لە یەکێک لە توندترین ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکادا بۆ سزادانی مۆسکۆ، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانەکەی ڕوسیاوە بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG