Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕوسیا یەکەکانی لەنزیک سنووری وڵاتەکە جێهێشتووە و 90,000 سەربازی هێشتۆتەوە


ئۆکرانیا دەڵێت ڕوسیا دوای مەشقە سەربازییەکانی هەندێک لە یەکە سەربازییەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێهێشتووە، هەروەها کۆی ژمارەی سەربازانی ڕوسیا لە ناوچەکەدا 90,000 سەربازن.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا مەشقێکی سەربازیی بەرفراوانیان ئەنجامداوە، مەشقەکان هێزی ئاسمانیشی گرتۆتەوە.

دوای مەشقەکان، یەکەکانی 41ی سوپای ڕوسیا لە بەشی ئەوروپای ڕوسیا ماونەتەوە، لە دووری نزیکەی 260 کم لە سنووری ئۆکرانیاوە.

وەزارەتەکە وتی " دەبێت تێبینی ئەوە بکرێت ڕوسیا بەشێوەیەکی ڕێکخراو پەنای بردۆتەبەر گواستنەوە و کۆکردنەوەی یەکە سەربازییەکان تاوەکو گرژییەکان لە ناوچەکە و فشارە سیاسییەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی بهێڵێتەوە."

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ڕوسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە، وتی نەمانبینیوە ژمارەی سەربازانی ڕوسیا زیادییان کردبێت.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2014 ەوە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا تێکچوون، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد و شەڕ و پێکدادانێکی توند لەنێوان هێزەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیادا ڕوویدا.

هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت. ئۆکرانیاش دەڵێت ئەو شەڕە بووەتە هۆی کوژرانی 14,000 کەس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG