Accessibility links

تاڵیبان نمایشێکی سەربازیی لە کابوڵ ئەنجام دەدات


هێزەکانی تاڵیبان نمایشێکی سەربازییان لە کابوڵ ئەنجامدا، ئەوەش بە بەکارهێنانی ئەو چەک و ئوتومبێلە سەربازییە ئەمەریکی و هێلکۆپتەرە ڕوسییانەوە کە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان دەستی بەسەرداگرتن.

تاڵیبان کە بۆ ماوەی بیست ساڵ وەکو هێزێکی یاخیبوو شەڕییان کرد، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە بەکاردەهێنن کە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان دەستی بەسەرداگرتن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان لە ئەفغانستان ئینایەتوڵا خوارەزمی وتی نمایشەکە پەیوەست بوو بە دەرچوونی 250 سەربازی مەشقپێکراوی نوێوە.

کۆمەڵێک لە ئوتومبێلی زریپۆشی ئەمەریکی لەجۆری ئێم117 بەشدارییان لە نمایشەکەدا کرد کەبە هێواشی بە شەقامی سەرەکی کابوڵدا دەڕۆیشتن، هێلیکۆتەرەکانیش کە لە جۆری ئێم ئای 17 بوون لە پێشیانەوە دەفڕین. زۆرینەی سەربازەکان چەکی ئێم 4 ی ئەمەریکیان پێبوو.

زۆرینەی ئەو چەکانەی ئێستا تاڵیبان بەکارییان دەهێنێت ئەو چەکانە بوون کە ئەمەریکا دابووی بە هێزەکانی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان، لە هەوڵیدا بۆ ئەوەی سوپایەکی نیشتیمانی ئەفغانی دروست بکات تاوەکو بتوانێت دژی تاڵیبان بجەنگێت.

بەڵام ئەو هێزانەی حکومەت بەخێرایی شکان، هاوکات سەرۆکی وڵاتەکەش هەڵهات، بەمەش تاڵیبان توانی دەستبەسەر سەرجەم بنکە سەربازییەکان و چەک و کەلوپەلە سەربازییەکاندا بگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ڕابردووی پشکنەری گشتی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەفغانستان، حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2002 ەوە تاوەکو ساڵی 2017 بە بڕی زیاتر لە 28 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و ئوتومبێل و فڕۆکە و سیستمی چاودێری و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەی داوە بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان.

هەندێک لە فڕۆکەکان هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، بەڵام تاڵیبان توانی دەست بەسەر فڕۆکەکانی دیکەدا بگرێت، تاوەکو ئێستا نەزاندراوە چەند فڕۆکەیان هێشتا کاردەکەن.

کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشانەوە، زیاتر لە 70 فڕۆکە و کۆمەڵێک ئوتومبێلی زریپۆشیان لەناوبرد، هەروەها سیستمی بەرگری ئاسمانیشیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ لەکارخست.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG