Accessibility links

ڕوسیا هێزێکی نوێی سەربازیی ڕەوانەی دورگەی کرێمیا دەکات


ڕوسیا دەڵێت لە سەرەتای مانگی دوانزەدا هێزێکی نوێی سەربازیی ڕەوانەی دورگەی کرێمیای ئۆکرانیا دەکات کە لە ساڵی 2014 دا بەشێوەیەکی نایاسایی لەخۆیگرت. هەروەها ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئۆکرانیا و بەڕیتانیا گرت سەبارەت بە زیادکردنی تواناکانی هێزی دەریایی ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی وتی سوپای ڕوسیا بەنیازە هێزێکی نوێ لەسەر دورگەکە دابمەزرێنێت، ئەمەش پلانەکەی وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوێگۆ تەواو دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە دورگەکەدا کە لە مانگی سێدا ڕایگەیاند.

لە هەمان کاتیشدا ڕوسیا ناڕەزایی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی نێوان بەڕیتانیا و ئۆکرانیا کە بەپێی ڕێکەوتنەکە بەڕیتانیا لەڕووی داراییەوە یارمەتی ئۆکرانیا دەدات تاوەکو پەرە بە تواناکانی هێزە دەریاییەکەی بدات، بەمەش ئۆکرانیا دەتوانێت موشەک بکڕێت و کەشتی موشەک هەڵگر و بنکەیەکی دەریایی لە دەریای ئازۆڤدا دروست بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەم ڕاستیە وەکو دوایین بەڵگە دەبینین لەسەر زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی بەڕیتانیا لەو وڵاتانەی سنوورییان بە سنووری ڕوسیاوە هەیە، بەتایبەتی ئۆکرانیا."

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕوسیا ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پشتیوانیە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا. ئۆکرانیا و هاوپەیمانێتی ناتۆش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە جموجۆڵەکانی هێزەکانی ڕوسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG