Accessibility links

حەوت پۆلیسی نیویۆرک لەسەر گیان لەدەستدانی پیاوێکی ڕەش پێست دوای دەستگیرکردنی لەکارلابران


سەرۆکی شارەوانی شاری ڕۆچێستەری ویلایەتی نیویۆرک وتی حەوت ئەفسەری پۆلیسی شارەکە لەکارەکانیان لابراون بەهۆی ئەوەی لە مانگی سێدا پیاوێکی ڕەش پێستیان دەستگیرکردووە و دواتر ئەو پیاوە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی ڕووداوەکە بڵاوکرایەوە و سەرۆکی شارەوانی ڕۆچێستەر بە کردەوەیەکی ڕەگەزپەرستی ناودێریکرد.

خێزانەکەی دانیێڵ پرود گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردەوە تیایدا ئەفسەرەکان تورەکەیەک دەکەنە سەری دانیێڵ تاوەکو ڕێگە بگرن لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێی لیکەکەیەوە، لە گرتەکەدا پیاوەکە بە ڕووتی و دەستبەستراوی دەبیندرێت و بەفریش بەسەریدا دەبارێت.

حەوت ڕۆژ دوای ڕووداوی دەستگیرکردنەکە، دانیێڵ پرودی تەمەن 41 ساڵ گیانی لەدەستدا، خێزانەکەی داوایان کردووە ئەو پۆلیسانە دەستگیربکرێن.

ڕۆژی چوارشەممە لە ناوەڕاستی شاری ڕۆچێستەر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، دەیان کەسن لە گۆڕەپانی تایمز سکوەیر لە نیویۆرک گردبوونەوە و داوای دادپەروەری و چاکسازییان کرد لە ناو پۆلیسدا.

سەرۆکی شارەوانی ڕۆچێستەر لاڤلی وارین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی شارەکەمان بەڕێز دانیێڵ پرودی نائومێد کرد، سیستمی سەرپەرشتی تەندروستی دەروونیمان نائومێدی کرد، کۆمەڵگەکەمان نائومێدی کرد، منیش نائومێدم کرد." دواتر لاڤلی ڕووداوەکەی بە کردەوەیەکی ڕەگەزپەرستی ناودێرکرد.

خێزانەکەی دانیێڵ پرود ئاماژەیان بەوەدا کە دانیێڵ نەخۆشی دەروونی لەگەڵدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG