بەرپرسانی پۆڵەندا وتیان کۆچبەران هێشتا لە شەودا هەوڵی بەزاندنی سنووری وڵاتەکە دەدەن، بەڵام ژمارەیان کەمترە و گروپی بچووکترن، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی بێلاڕوس خێمەکانی کۆچبەرانی لەسەر سنوورەکە لابرد.
لابردنی خێمەکان و گەڕانەوەی بەشێک لە کۆچبەران بۆ عێراق، وادەردەکەوێت گۆڕانێک بێت لە تاکتیکی بێلاڕوس کە لەوانەیە ببێتەهۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپادا.
بەڵام یەکێتی ئەوروپا پێشنیارەکەی بێلاڕوسی بۆ وەرگرتنی 2000 کۆچبەر ڕەت کردەوە، بەوەش ڕوونیکردەوە کە ناکۆکییەکان هێشتا چارەسەر نەبوون.
وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک وتی هێشتا هەندێک هەوڵ هەبوون دوای ئەوەی خێمەکان لابران، بەڵام ژمارەیان کەمتر بوو لە پێشتر کاتێک سەدان کەس لە یەک کاتدا هەوڵیاندەدا سنوورەکە ببەزێنن و پاڵیان دەنا بە پەرژینەکەوە.
پاسەوانی سنووری پۆڵەندا لە تویتێکدا وتی لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا 250 هەوڵ هەبوون بۆ بەزاندنی سنوورەکە، نیوەی ئەو ژمارەیەی کە ڕۆژی پێشتر هەوڵیاندا بپەڕنەوە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بەدیاریکراوی دوای لابردنی خێمەکان چەند هەوڵ دراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز