Accessibility links

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی داوا لە ئیسڕائیل دەکات ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ فەڵەستینیەکان دابین بکات


ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی داوای لە ئیسڕائیل کرد ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ فەڵەستینیەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە دابین بکات، وتیشی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئیسڕائیل ناچار دەکەن ئەو کارە بکات.

ئەم داوایەی ڕێکخراوەکە لەکاتێکدا دێت بەرپرسانی فەڵەستینی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کە 2,8 ملیۆن فەڵەستینی تیادا دەژی بە ئاشکرا داوایان لە ئیسڕائیل نەکردووە ڤاکسینەکەیان بۆ بکڕێت.

هەروەها پێشبینی ئەوە ناکرێت بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماسی فەرمانڕەوا لە کەرتی غەزە کە نزیکەی دوو ملیۆن خەڵکی تیادا دەژی داوا لە ئیسڕائیل بکەن ڤاکسینەکەیان بۆ دابین بکات.

ڕێکخراوەکە وتی " پێویستە لەسەر ئیسڕائیل چیتر بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی پشتگوێ نەخات و بەزووترین کات ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی یەکسان بۆ ئەو فەڵەستینیانە دابین بکات کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلدا دەژین لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند واپێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو یەکەمین بەشە ڤاکسینیان لەڕێی پڕۆگرامی " کۆفکس " ەوە دەست بکەوێت کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ڕوونیشی کردەوە ئەو ڤاکسینە دەدرێت بە هاوڵاتیانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG