Accessibility links

نەخۆشخانە فەڵەستینیەکان پڕبوون لە توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا


سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شتییە وتی نەخۆشخانە فەڵەستینیەکان پڕبوون و یەکەکانی چاودێریش لەوپەڕی توانای خۆیاندا کاردەکەن بۆ وەرگرتنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە هەندێک لە ناوچەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا شارە فەڵەستینیەکان داخستنی سەرتاسەرییان بەخۆوە بینیوە تاوەکو سنوورێک بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دابنێن، ئەمە لەکاتێکدایە ئیسڕائیل دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی ئەو کۆتوبەندانەی کە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سەپاندبوونی.

شتییە وتی " ڕێژەی کارکردنی نەخۆشخانەکان لە هەندێک ناوچەدا گەیشتۆتە زیاد لە %100."

وتیشی " ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدانەکان ڕۆژانە لە زیادبووندایە و ئەوەش ناچارمان دەکات ڕێوشوێنەکان توندتر بکەینەوە."

تاوەکو ئێستا کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە کە بە هەردووکیان 5.2 ملیۆن فەڵەستینیان تیادا دەژی، نزیکەی 34700 بەشە ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەو ڤاکسینانەش لە ئیسڕائیل و ڕوسیاوە وەریانگرتووە و 20 هەزار بەشە ڤاکسینیش لەلایەن ئیماڕاتەوە بۆ غەزە ڕەوانەکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG