وەزارەتی تەندروستی مەکسیک دەڵێت لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی شەپۆلێکی گەرماوە لە مەکسیک لانیکەم 100 کەس گیانییان لە دەستداوە، لە کاتێکدا کە لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا پلەکانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە.
گەرما سێ هەفتەییەکەی مەکسیک لەم مانگەدا خواستی لەسەر وزە بۆ ڕێژەیەکی پێوانەیی زیاد کردووە، ئەوەش بەرپرسانی وڵاتەکەی ناچار کردووە لە هەندێک لە ناوچەکاندا قوتابخانەکان دابخەن.
وەزارەتەکە وتی دوو لەسەر سێی حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان لە 18-24 ی مانگی شەشدا بوون، وتیشی ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەدا کەسێک بەهۆی گەرماوە گیانی لە دەستدا.
نزیکەی سەرجەم حاڵەتەکانی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی گەرما و وشکبوونەوەوە بوون. لە سەدا 64 ی گیان لە دەستدانەکان لە ویلایەتی نوێڤۆ لیۆنی باکووری مەکسیک تۆمار کراون کە سنووری بە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکاوەیە. زۆربەی ئەوانی دیکە لە ویلایەتی تاماولیپاس و ڤیراکروزی سەر کەناری کەنداو بوون.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو پلەکانی گەرما دابەزیون، ئەوەش بەهۆی وەرزی باران بارینەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز