Accessibility links

عێراق کارەکانی ڕۆیتەرزی بۆ ماوەی 3 مانگ لە وڵاتەکە ڕاگرت


عێراق مۆڵەتی دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا وتبووی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە عێراق لەو ژمارانە زیاترە کە حکومەت بڵاوییان دەکاتەوە.

لیژنەی پەیوەندییدار بە ڕێکخستنی ڕاگەیاندن لە عێراق وتی بڕیاریداوە مۆڵەتی کارکردنی ڕۆیتەرز بۆ ماوەی سێ مانگ ڕابگرێت و 25 ملیۆن دیناریش غەرامە دەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو ڕۆیتەرز یاساکانی ڕاگەیاندنی لە وڵاتەکەدا پێشێل کردووە.

لیژنەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ ڕۆیتەرز دەڵێت ئەو ڕێوشوێنەی گیراوەتەبەر بەهۆی ڕوودانی ئەو شتەوە بووە کە لەم بارودۆخەی ئێستادا دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت لەسەر تەندروستی و پارێزراویی هاوڵاتیان بە گشتی.

لەلای خۆیەوە ڕۆیتەرز جەختی لەوە کردەوە هێشتا سوورە لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی بڵاویکردۆتەوە و دەشڵێت ئەو ڕاپۆرتە لە سەرچاوە تەندروستی و سیاسییە باوەڕپێکراوەکانی وڵاتەکەوە وەریگرتووە.

وتیشی " هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین و کاردەکەین تاوەکو بەردەوام بین لە پێشکەشکردنی هەواڵی باوەڕپێکراو لەسەر عێراق."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG