Accessibility links

فەڕەنسا هێزی تایبەتی پۆلیس ڕەوانەی گرژییەکانی گوادەلوپ دەکات


وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیڕاڵد دارمانین وتی وڵاتەکە هێزی تایبەتی پۆلیس ڕەوانەی ناوچەی گوادەلوپ دەکات کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دژی ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشێوی و تاڵانکردن و توندوتیژیی تێدا کەوتۆتەوە.

جێی ئاماژەیە گوادەلوپ ناوچەیەکی فەڕەنسایە و دەکەوێتە باشووری دەریای کاریبییەوە، دارمانین وتی فەڕەنسا 50 ئەندامی تیمی هێزە تایبەتیەکانی GIGN و RAID ی پۆلیس ڕەوانەی ناوچەکە دەکات، لە گوادەلوپ دوکانەکان تاڵانکراون و تەقە لە پۆلیس کراوە، هەروەها 31 کەسیش دەستگیرکراون.

دارمانین وتی ئەم هێزەی دەنێردرێت ژمارەی ئەو پۆلیس و هێزانە زیاتر دەکات کە لە گوادەلوپ بەردەستن.

وەزیری کاروباری ناوچەکانی دەرەوەی فەڕەنسا سیباستیان لیکۆرنۆ وتی ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ژان کاستێکس لەگەڵ بەرپرسانی گوادەلوپدا کۆدەبنەوە و تاوتوێی بارودۆخەکە دەکەن.

بەرپرسی گوادەلوپ ئالیکساندەر ڕۆشێت کە نوێنەرایەتی حکومەتی فەڕەنسا دەکات لە دوورگەکەدا، ڕۆژی هەینی قەدەغەکردنێکی نوێی هاتوچۆی ڕاگەیاند لە کاتژمێر 6 ی ئێوارەوە بۆ 5 ی بەیانی، ئەو بڕیارەشی دوابەدوای خۆپیشاندانە پێنج ڕۆژییەکە هات کە تیایدا بەربەستەکانی سەر شەقامەکان سوتێندران و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پزیشکەکان مانیانگرت و ڕژانە سەر شەقامەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG