Accessibility links

یۆنان: گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا گرنگە بەڵام لەژێر هەڕەشەدا نا


سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسوتاکیس

سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسوتاکیس وتی پێویستە لەسەر یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت ئەگەر هاتوو ئەو وڵاتە لە ناوچە دەریاییە جێناکۆکی لەسەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نەکشێتەوە.

میتسوتاکیس لە نوسراوێکدا کە لە هەریەک لە ڕۆژنامەکانی لەندەن تایمز و فرانکفۆرت ئالژماینەی ئەڵمانی و لۆ مۆندی فەڕەنسیدا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " پێویستمان بە گفتوگۆکردنە بەڵام لەژێر هەڕەشەدا نا. ئەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر گوزەران و ئاسایشی وڵاتەکەم هەڕەشەیە بۆ سەر پارێزراوی و ئاسایشی هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا."

واپێشبینی دەکرێت یەکێتی ئەوروپا لەم مانگەدا وەڵامی خۆیان لەسەر تورکیا ڕابگەیەنن. سەرۆک وەزیری یۆنان ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر تورکیا لەو ناوچە دەریاییەی یۆنان نەکشێتەوە ئەوا دەبێت سزای بەسەردا بسەپێندرێت.

وتی " ئەگەر ئەوروپا دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی جوگرافی ڕاستەقینە پەیڕەو بکات ئەوا نابێت بەم کارە دوژمنکارییەی تورکیا ڕازی ببێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG