Accessibility links

یۆنان 18 فڕۆکەی جۆری ڕافاڵ لە فەڕەنسا دەکڕێت


وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە یۆنان گرێبەستی کڕینی 18 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری ڕافاڵ لە فەڕەنسا واژۆ بکات، ئەمەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگری و هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ پاریسدا بۆ ڕووبەڕوونەوەی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا.

واپێشبینی دەکرێت وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرانس پارلی بەمەبەستی واژۆکردنی گرێبەستەکە بگاتە ئەسینا، وەزیری بەرگری یۆنان نیکۆس بانایۆتوبۆلۆس وتی " ئەم گرێبەستە پەیامێکی ڕوونە بە کۆمەڵێک ئاڕاستەدا."لەسەرووشیانەوە بۆ تورکیا.

گرێبەستی کڕینی فڕۆکەکان نزیکەی 2,5 ملیار یۆرۆی تێدەچێت، فڕۆکەکان 12 فڕۆکەی بەکارهاتوو و 6 فڕۆکەی نوێ لەخۆدەگرێت.

هەروەها لە گرێبەستەکەدا ڕێکەوتوون لەسەر پێدانی موشەکی مەودا درێژ لە جۆری سکالپ و موشەکی دژە کەشتی لە جۆری ئیکزۆسیت و موشەکی دژە ئاسمان لە جۆری میتیور بە یۆنان.

هەردوو حکومەتی فەڕەنسا و یۆنان بەخێرایی گفتوگۆیان لەسەر ئەم گرێبەستە کرد، سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکوس میتسوتاکیس لە مانگی نۆدا بڕیاری دانوستاندنی لەسەر گرێبەستەکەدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەرکەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای سوتەمەنی سروشتیدا لەو ئاوەی کە ناکۆکییان لەسەری هەیە.

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا پێیان وایە ئەم ڕەفتارەی تورکیا " کارێکی دوژمنکاری و نایاساییە." ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو لەبەردەم سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG