Accessibility links

ئەڵمانیا گەشتیارانی بەڕیتانیا کوارەنتین دەکات


ناوەندی ڕۆبەرت کوخ بۆ نەخۆشیە گوازراوەکان وتی ئەڵمانیا کوارەنتین دەسەپێنێت بەسەر ئەو گەشتیارانەدا کە لە بەڕیتانیاوە دێن بۆ وڵاتەکە، بڕیارەکەش لە نیوەشەوی ڕۆژی دووشەممەوە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بەپێی بڕیارەکە هەر گەشتیارێک بیەوێت بێتە ناو ئەڵمانیاوە دەبێت پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردبێت و هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبێت.

وەزیرانی تەندروستی هەرێمەکانی ئەڵمانیا داوایان لە حکومەتی وڵاتەکە کرد ڕێوشوێنی توندتر بسەپێنێت بەسەر ئەو گەشتیارانەدا کە لە بەڕیتانیاوە دێن، کە لەوێ حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە.

لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیرانی تەندروستی هەرێمەکانی وڵاتەکە داوایان لە بەرلین کرد بەڕیتانیا وەکو ناوچەیەکی جۆری ڤایرۆسەکە بناسێنێت، ئەو گەشتیارانەشی لە بەڕیتانیاوە دێن دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە کوارەنتین بکرێن، بەوانەشەوە کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

وەزیرەکان لە بەیاننامەیەکدا وتیان " بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە بەڕیتانیا ڕوون و ئاشکرایە. دەبێت تاوەکو دەتوانین ڕێگە نەدەین بڵاوببێتەوە و خاوی بکەینەوە."

لە مانگی 10 و 11 دا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا دەستیپێکردەوە، بەڵام لە مانگی دوانزەدا حاڵەتەکانی توشبوون لەو وڵاتەدا کەمبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG