Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا سەردانی لیبیا دەکات


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڵز میشێل

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڵز میشێل سەردانەکەی بۆ لیبیا دەستپێکرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی نوێی لیبیادا بە ڕابەرایەتی عەبدولحەمید دبیبە بۆ هێنانە دەرەوەی وڵاتەکە لەو ناجێگریی و ناسەقامگیرییەی ماوەی 10 ساڵە ڕووبەڕووی بۆتەوە.

بەرپرسانی لیبیا پڕۆگرامی سەردانەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەم سەردانە لەکاتێکدا دێت وڵاتەکە لە دۆخێکی سیاسیی هەستیاردایە.

لەمدواییانەدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی یەکگرتوویی نیشتیمانی لە لیبیا پێکهێندرا، ئەم حکومەتە نوێیە ڕاسپێردراوە بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردنە گشتیەکان کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی دوانزەدا بەڕێوەبچێت.

لە 25 ی مانگی سێدا هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا سەردانی تەڕابلسی پایتەختی لیبیایان کرد، سەردانەکەشیان لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی ئەوروپادا بوو بۆ حکومەتە نوێیەکەی ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری وڵاتەکە کیریاکۆس میتسوتاکیس ڕۆژی سێشەممە سەردانی لیبیا دەکات و دووبارە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە لیبیا دەکاتەوە کە ماوەی 6 ساڵە داخراوە.

سەردانەکەی سەرۆک وەزیری یۆنان هاوکاتە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیری نوێی ئیتاڵیا ماریۆ دراگیدا.

لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی لیبیاوە، میتسوتاکیس و دراگی یەکەمین سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی ئەوروپا دەبن سەردانی لیبیا بکەن.

بەڵام سەرەڕای باشبوونی ڕەوشی سیاسیی وڵاتەکە، هێشتا لیبیا دیارترین خاڵی ڕۆیشتنی هەزاران کۆچبەرە بەرەو ئەوروپا، زۆرینەیان لە ئەفریقاوە دێن و هەوڵدەدەن لەڕێی دەریاوە بگەنە ئیتاڵیا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG