Accessibility links

ئەنجومەنی ئەوروپا هۆشیاری دەدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارتێکی کوردی لە تورکیا


سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئەوروپا ماریا بیگینوڤیچ بۆریچ هۆشیاریدا لە داواکەی داواکاری گشتی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی گەلانی دیموکرات ( هەدەپە ) ، وتی " ئەوە دەبێتە هۆی کێشەیەکی گەورە."

بۆریچ بە ڕۆژنامەی " دی فێڵتی " ئەڵمانی وت " هەڵوەشاندنەوەی پارتی گەلانی دیموکرات دەبێتە کێشەیەکی گەورە، پارتە سیاسییەکان لەلایەن دادگای ئەوروپاوە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەپارێزرێن."

ئەم لێدوانەی بۆریچ دوای ئەوە هات ڕۆژی چوارشەممە داواکاری گشتی تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی گەلانی دیموکراتی کرد لەکاتێکدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پارتەکەی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی " تیرۆریستی."

پارتی گەلانی دیموکرات کە سێیەمین گەورەترین پارتە لە تورکیادا، لە دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی تورکیاوە، بەردەوام ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بۆتەوە.

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئەوروپا کە چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات لە کیشوەرەکە کە 47 وڵات دەگرێتەخۆی، بە تورکیاشەوە، سووربوو لەسەر ئەوەی " دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەو ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان کردۆتەوە لە ( سیستمی ) دیموکراسیدا."

وتیشی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پێی وایە هەڵوەشاندنەوە یاخود قەدەغەکردنی پارتێک " ڕێوشوێنێکی توندە لە دیموکراسیدا کە ناتوانرێت بە ئاسانی بگیردرێتەبەر، تەنها لە حاڵەتی زۆر جیاوازدا نەبێت." ئەوەشی خستەڕوو لە کاتێکدا ئەو ڕێوشوێنە دەگیردرێتەبەر کاتێک " پەیوەندییەکی ڕوون و ئاشکرا و ڕاستەوخۆ هەبێت لەنێوان پارتێکی سیاسیی و تاوانێکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا، ئەوەش دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆدا بڕیاری لەسەر بدرێت و بەڵگەکانیش بەهێز بن."

وتیشی " بەپێی یاساکانی دادگا، ناکرێت پارتێک هەڵبوەشێنیتەوە تەنها لەبەر ئەوەی هەوڵی گفتوگۆیەکی گشتی داوە لەسەر ڕەوشی بەشێک لە دانیشتوانی وڵاتەکە."

ئاماژەشی بەوەدا دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک فەرمانی دەرکردووە دژی تورکیا و تیایدا هاتووە دەڵێت " هەڵوەشاندنەوەی پارتێکی سیاسی پێشێلکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤە لە ئەنجومەنی ئەوروپا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG