Accessibility links

حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە ئەوروپا دەگاتە 250,000 حاڵەت


بەهۆی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەوروپا ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان گەیشتە 250,000 حاڵەت.

لە ماوەی حەوت ڕۆژدا زیاتر لە 8,000 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە ئەوروپا تۆمارکراوە، ئەمەش لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە زۆرترین ڕێژەیە. ئەمە لەکاتێکدایە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی ڕێوشوێنی توندیان گرتۆتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتر ڤایرۆسەکە.

لە نوێترین ئەو ڕێوشوێنانەدا کە لە ئەوروپا گیراونەتەبەر، سویسرا بڕیاریدا هاوڵاتیان لە ڕۆژی دووشەممەوە لە شوێنە گشتیە داخراوەکان و وێستگەکان و فڕۆکەخانەکان و شوێنەکانی وەستانی پاسدا دەمامک بەکاربهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆتوبەندیان خستەسەر گردبوونەوەکان.

لەلایەکی دیکەوە لە فەڕەنسا ڕۆژی شەممە 32,000 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، بۆ ماوەی مانگێک قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە لە کاتژمێر 9 ی شەوەوە بۆ 6 ی بەیانی لە شارە گەورەکانی وەکو پاریس ڕاگەیەندراوە، نزیکەی20 ملیۆن هاوڵاتی ئەم قەدەغەکردنە دەیانگرێتەوە، ئەمەش دەکاتە سێیەکی دانیشتوانی وڵاتەکە. تاوەکو ئێستا 33,000 حاڵەتی گیان لەدەستدان و 834,770 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا تۆمار کراوە.

لە بەڕیتانیاش کە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە 43,579 حاڵەتی گیان لەدەستدان و 15,000 حاڵەتی نوێی توشبوون لە ڕۆژی هەینیدا تۆمارکرا، بەرپرسانی وڵاتەکە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستنیان توندتر کردەوە، لە ئێستادا نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ئەو ڕێوشوێنانە دەیانگرێتەوە.

لە ئەڵمانیا کە تا دێت حاڵەتەکانی توشبوون زیاتر دەبن، ڕاوێژکاری وڵاتەکە ئانگێلا مێرکڵ داوای لە هاوڵاتیان کرد تاوەکو دەتوانن پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان کەم بکەنەوە.

ڕۆژی هەینی ئیتاڵیا 10,010 حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە ڕاگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە بڕیاردراوە باڕ و چێشتخانەکانی هەرێمی لۆمباردی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە پێش نیوەی شەو دایبخەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG