Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا داوا لە جیهان دەکات دەست وەرنەدەنە " کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەوە "


سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا ئابی ئەحمەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەست وەرنەدەنە ململانێکانی تیگرایەوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی کە بۆ ڕابەرانی هەرێمی تیگرای دیاریکردبوو تاوەکو خۆیان بەدەستەوە بدەن.

دوای سێ هەفتە لە دەستپێکردنی ململانێکانی نێوان سوپای فیدڕاڵی ئیثیوپیا و هێزە یاخیبووەکانی هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە، ئەگەری ئەوە هەیە سوپای ئیثیوپیا هێرش بکاتە سەر میکیلی پایتەختی تیگرای و ئەوەش نیگەرانی لەلای دانیشتوانی هەرێمەکە دروست کردووە کە ژمارەیان دەگاتە 500 هەزار کەس.

ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەمین کۆبوونەوەی سەبارەت بە ململانێکانی تیگرای ئەنجامدا، بەڵام هیچ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڵاونەکرایەوە. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا داوایان کرد کۆتای بە ململانێکان بهێندرێت کە لە چواری مانگی یانزەدا دەستی پێکرد.

لە دوای کۆتای هاتنی 72 کاتژمێرەکە، هەردوولای ململانێکان سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان، سەرۆکی تیگرای و ڕابەری حیزبی بەرەی ڕزگاریخوازی تیگرای دیبریتسیون گبریمایکڵ دەڵێت گەلی تیگرای " ئامادەیە بۆ مردن " لەکاتێکدا ئابی ئەحمەد بەتەواوەتی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە ڕەت دەکاتەوە.

ئابی لە بەیاننامەیەکدا وتی " بە ڕێزەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هیچ کارێک نەکات کە ئێمە نەمانەوێت و دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە و ڕێز لە بنەما سەرەکیەکانی دەستوەرنەدان بگرێت کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا باسی لێوەکراوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG