Accessibility links

سوپای ئیثیوپیا دەڵێت حکومەت " چووەتە جەنگەوە " لەگەڵ کاربەدەستانی یاخیبووی ناوچەی تیگرایدا


سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا ئەبیی ئەحمەد
سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا ئەبیی ئەحمەد

سوپای ئیثیوپیا ڕایگەیاند حکومەتی وڵاتەکە " چووەتە جەنگەوە " لەگەڵ کاربەدەستانی یاخیبووی هەرێمی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە.

جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیثیوپیا بورهان گولا لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پایتەختی وڵاتەکە وتی " وڵاتەکەمان چووە جەنگێکەوە کە پێشبینی نەدەکرد. ئەم جەنگە شەرمەزارییە."

وتیشی " دڵنیا دەبینەوە لەوەی ڕێگە نەدەین ئەم جەنگە لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا درێژە بکێشێت و تەنها لە تیگرای بمێنێتەوە."

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیثیوپیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕازی بوون لەسەر سەپاندنی باری نائاسایی لە ناوچەی تیگرای.

سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا ئەبیی ئەحمەد بەیانی ڕۆژی چوارشەممە باری نائاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ لە تیگرای ڕاگەیاند، دواتر ڕایگەیاند کردەوەی سەربازی دژی کاربەدەستانی ناوچەکە ئەنجام دەدەن و بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئیثیوپیا تۆمەتباری کردن.

ئەبیی ئەحمەد کە لە ساڵی 2019 دا خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا دەیەوێت دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی تیگرای کە لەلایەن " بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای " ەوە بەڕێوەدەبرێت و چەند مانگێکە دژایەتی حکومەتی ئیثیوپیا دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG