Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار پێنج کرێکاری چینی لە کۆنگۆ دەڕفێنن


سەرچاوەیەکی سەربازیی وتی کۆمەڵێک چەکدار لە کانێکی ئاڵتون لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ ئەفسەرێکی پۆلیسیان کوشتووە و پێنج کرێکاریشیان ڕفاندووە کە خەڵکی چینن و لە کانەکە کارییان کردووە.

وتەبێژی سوپای کۆنگۆ دیۆدۆن کاسەریکا وتی لە گوندی موکیرا لە ناوچەی فیزی باشووری هەرێمی کیڤو " نزیک کاتژمێر دووی بەیانی چەند چەتەیەکی چەکدار هێرشیان کردۆتە سەر کامپی گروپە چینیەکە."

وتیشی " کرێکارە چینیەکان 14 کەس بوون، پێنج کەسیان لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار." ئاماژەی بەوەدا 9 کەسەکەی دیکە بە پارێزراوی گواستراونەتەوە.

سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگۆ لە ناوچەی فیزی وتی ئەفسەرێکی پۆلیس لە هێرشەکەدا کوژراوە و پۆلیسێکی دیکە برینداربووە.

سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدەنی فیزی لوسامبیا وانومبی وتی پێنج کرێکارە چینیەکە کارمەندی کۆمپانیایەک بوون کە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگە لە کانێکی ئاڵتوندا لەو ناوچەیە کاردەکەن.

وتیشی " کۆمپانیاکە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی قورساییەکی زۆر بۆوە چونکە دانیشتوانی ناوچەکە خۆپیشاندانیان دەکرد و ناڕەزاییان دەردەبڕی و دەیانووت کۆمپانیاکە ڕێز لە یاساکان ناگرێت."

لە مانگی هەشتدا بەرپرسانی باشووری کیڤو کاری شەش کۆمپانیای سەر بە چینیان لە ناوچەکەدا ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە وتیان بەبێ مۆڵەت هاتوون و دەگەڕێن بەدوای ئاڵتوندا و ژینگەکە پیس دەکەن.

ناوەندی پاراستنی سروشتی کۆنگۆ وتی چەکدارەکان پێدەچێت سەر بە جوڵانەوەی ئێم 23 بووبێتن کە شەوی شەممە پاسەوانێکیان لە پارکی نیشتیمانی ڤیرونگادا کوشتووە.

وتیشی هێرشەکە لە نزیک گوندی بوکیما لە ناوچەی میکێنۆ " لەلایەن نزیکەی سەد چەکدارەوە ئەنجامدراوە."

وتیشی " ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت ئەم هێرشەیان ئەنجامدابێت ئەندامانی پێشووی ئێم 23 ن و لە سنوورەکانی ڕواندا و یوگەندا کۆبوونەتەوە، لەوێش هەوڵی ئەوە دەدەن بنکەی تایبەتی خۆیان لە ناوچەکانی پارکی نیشتیمانی ڤیرونگا دروست بکەن."

جوڵانەوەی ئێم 23 یەکێکە لە زیاتر لە 120 گروپی چەکدار کە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا چالاکن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG