وەزیری پاراستنی گشتی کەنەدا بە کەناڵێکی کەنەدی وت ڕەنگە " بنکەی پۆلیسی چینی " زیاتر هەبن لە کەنەدادا، ئەمەش چەند مانگێک دوای ئەوەی پۆلیس وتی لێکۆڵینەوە دەکات لە دوو ناوەند لە مۆنتڕیاڵ کە گوایە بۆ ترساندن یاخود بێزارکردنی ئەو کەنەدییانە بەکارهێندراون کە بە ڕەچەڵەک چینین.
مارکۆ مێندیچینۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لە پڕۆگرامێکی کەناڵی سی تی ڤیدا وتی " من دڵنیام لەوەی پۆلیسی کەنەدا ڕێوشوێنی کردارییان گرتۆتەبەر بۆ تێکدانی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی پەیوەست بە ' بنکەکانی پۆلیس چینییەوە '، ئەوەشی کە ئایا بنکەی پۆلیسی نوێ دەردەکەون یاخود نا، ئەوان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بۆ ئەوەی بەرەوپێشەوە بڕۆن."
لە مانگی سێدا پۆلیسی کەنەدا وتی لێکۆڵینەوە لە دوو ناوەندی ناو مۆنتڕیاڵ دەکات. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کەنەدا وتی دوو ناوەندەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن، سەرەڕای بەیاننامەکانی وەزیرەکە لەسەر ئەوەی کە سەرجەم بنکە نهێنییەکان لە کەنەدا داخراون.
چین ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە کە گوایە دەستی وەردابێتە کاروباری ناوخۆی کەنەداوە.
لێدوانەکانی مێندینچینۆ دوابەدوای دەرکردنی دیبلۆماتکاران دێت لەلایەن چین و کەنەداوە.
هەفتەی ڕابردوو کەنەدا دیبلۆماتکاری چینی ژاو وی لە وڵاتەکە دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بە ئامانجکردنی یاسادانەرێکی کەنەدی تۆمەتباریکرد. یاسادانەرە کەنەدییەکە ڕەخنەی لە چۆنێتی مامەڵەی چین گرتووە لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی یوگۆری چیندا.
ڕۆژی دوای ئەوە چین دیبلۆماتکاری کەنەدی جێنیفەر لین لالۆندی لە شانگهای دەرکرد.
حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە ژێر فشاردایە بۆ بنەبڕکردنی گومانی دەستوەردانی چین لە کەنەدادا. حکومەتەکەی لێکۆڵەرەوەیەکی تایبەتی دەستنیشان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
ترودۆ ئاماژەی بەوەداوە کە چین هەوڵی دەستوەردانی داوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵەکانی 2019 و 2021 ی کەنەدادا، بەڵام دەستوەردانەکان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانییان نەگۆڕیوە.
هەفتەی ڕابردوو ترودۆ وتی کەنەدا " لە تۆڵەی چین ناترسێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز