Accessibility links

کالیفۆرنیا لە زۆر شوێنی فراوانی ویلایەتەکە قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە ڕادەگەیەنێت


فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا گاڤین نیوسەم قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانەی بۆ ماوەی یەک مانگ لە زۆربەی شارە قەرەباڵغەکانی ویلایەتەکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش لەپێناو " ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

نیوسەم لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕێوشوێنەکە لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە دەست پێدەکات تاوەکو 21 ی مانگی 12 بەردەوام دەبێت، هەموو جوڵە ناپێویستەکان لە کاتژمێر 10 ی ئێوارەوە تاوەکو 5 ی بەیانی لەو ناوچانەی کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە قەدەغە دەکرێن.

وتیشی " ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر لە پێشتر بڵاودەبێتەوە، ڕۆژانی دواتر و هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەکە، ئێمە لە مەترسیداین."

فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا جەختی لە " گرنگی ئەوە کردەوە پێکەوە کاربکەین بۆ دانانی سنوورێک بۆ گواستنەوەی پەتاکە و کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە تاوەکو حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش ڕۆژانە زیاد نەکات."

وتی " پێشتر کردوومانە و دەبێت جارێکی دیکەش بیکەینەوە."

قەدەغەکردنی هاتوچۆ ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کالیفۆرنیایان تێدایە، نزیکەی لەسەدا 94 ی دانیشتوانی ویلایەتەکە دەگرێتەوە، لەوانەش هەردوو شاری لۆس ئانجلس و سان دیێگۆ.

بەڵام تاوەکو ئێستا سان فرانسیسکۆ بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە نایگرێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی شارەکە ناچار بوون هەمان هەنگاوی شارەکانی دیکە بگرنەبەر و خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی خواردن لە شوێنە داخراوەکاندا قەدەغە بکەن و سنوورێک بۆ ژمارەی کڕیارەکان لە ناو بازاڕەکاندا دابنێن.

کاربەدەستانی تەندروستی کالیفۆرنیا دەڵێن لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەدا 50 زیادیکردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG