Accessibility links

بەڕیتانیا ژمارەی هێزەکانی لە ئەفغانستان زیاد دەکات


حکومەتی بەڕیتانیا بەنیازە ژمارەی سەربازانی هێزەکانی بەڕیتانیا لە ئەفغانستان زیاد بکات دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای کرد یارمەتییەکان زیاد بکرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشە ئەمنییە خراپەکەی ئەفغانستاندا.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی ڕایگەیاند وڵاتەکەی 440 سەربازی دیکە ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات، بەمەش کۆی سەربازانی بەڕیتانیا لە ئەفغانستان دەبێتە نزیکەی 1100 سەرباز، ئەمەش بەمەبەستی یارمەتیدانی هێزەکانی ئەفغانستان لە جەنگیاندا دژی تاڵیبان و ڕێکخراوی داعش.

هێزەکانی بەڕیتانیا بەشدار دەبن لە ئەرکێکدا بە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ مەشق پێکردن و یارمەتیدانی هێزەکانی ئەفغانستان.

ئەم ڕاگەیاندنەش ڕۆژێک پێش کۆبوونەوە لوتکەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دێت لە بەلجیکا، کۆبوونەوەکەش لەوانەیە گرژی تێبکەوێت بەهۆی سووربوونی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە لەسەر ئەوەی کە دەڵێت وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدەبێت خەرجی زۆر زیاتر سەرف بکەن تاوەکو بەرگرییان لێبکات.

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا هەزاران سەربازیی دیکە ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات، هەروەها داوای لە بەڕیتانیا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە یارمەتی زیاتر بنێرن بۆ ئەفغانستان.

زیاکردنی هێزەکانی بەڕیتانیا لە ئەفغانستان پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەفغانستان دێت کە وابڕیارە مانگی 10 بەڕێوەبچێت و تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ دیموکراسی لەو وڵاتەدا.

لە مانگی هەشتدا نیوەی سەربازە بەڕیتانیەکان دەگەنە ئەفغانستان و لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا نیوەکەی تریش ڕەوانەی ئەوێ دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG