Accessibility links

وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا: کۆچبەران فەڕەنسا بە " وڵاتێکی ڕەگەزپەرست " دادەنێن


وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا پریتی پاتێل

میدیاکانی بەڕیتانیا ئاماژەیان بەوەدا وەزیری بەڕیتانیا بۆ کاروباری ئاسایش و کۆچ بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە کۆچبەران بۆیە بە کەناڵی ئینگلیزیدا پەڕیونەتەوە بۆ بەڕیتانیا لەبەرئەوەی فەڕەنسا بە " وڵاتێکی ڕەگەزپەرست " دەزانن.

لە ڕاپۆرتەکاندا کە ژمارەیەک ڕۆژنامەی بەڕیتانیا بڵاویان کردۆتەوە هاتووە دەڵێت وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا پریتی پاتێل لە کۆنگرەیەکدا لەڕێی تەلەفونەوە بە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی وتووە کۆچبەران فەڕەنسا بە " وڵاتێکی ڕەگەزپەرست " دەزانن، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک لە فەڕەنساوە ڕوودەکەنە بەڕیتانیا زیادییان کردووە.

ڕۆژنامەی مەیڵ ئۆن سەندەی لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردەوە پاتێل ڕوونی کردۆتەوە کە ئەوە ڕاوبۆچوونی کۆچبەرانە نەوەک خۆی.

وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا ئاماژەی بەوەدا وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەوە نائومێد بووە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزیدا دەپەڕنەوە و کاردەکات بۆ پڕۆژە یاسایەک تاوەکو کۆتایی بەو ڕەوشە بهێنێت.

بەڕیتانیا و فەڕەنسا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ داخستنی ڕێگەی کۆچبەران دوای ئەوەی سەدان کەس پیایدا تێپەڕیوون و لە کامپە کاتییەکانی باکووری فەڕەنساوە بە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگا ئاوییەکانی جیهاندا تێدەپەڕن.

بەڕیتانیا ئاماژەشی بەوەداوە ئامادەیە لەڕووی ماددیشەوە بەشدار بێت ئەگەر دوو وڵاتەکە بتوانن پلانێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دابنێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG