هێزەکانی ئاسایشی بێلاڕوس دەیان خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد، ئەوەش لە میانەی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی وڵاتەکە دژی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوسدا، زۆرێک لە هاوڵاتیانی وڵاتەکە و ئۆپۆزسیۆن دەڵێن ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە، لە ئێستاشدا دەیان کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی مینسکی پایتەخت و دژی لوکاشینکۆ ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەکەن دەستبەرداری دەسەڵات ببێت.
لە هەوڵێکدا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە زنجیرییان لە سەر شەقامەکان دانا و ئوتومبێلی سوپایان بڵاوکردەوە و گازی فرمێسک ڕژێنیان بەسەر خۆپیشاندەراندا ڕشت.
دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری حکومەتی بێلاڕوسەوە بڵاویکردەوە لانی کەم 100 کەس دەستگیرکراون، بەڵام گروپی ( سپرینگ-96 ) ی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤەوە ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە 200 کەس دەستگیرکراون.
لە ساڵی 1994 ەوە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکە دەکات و ڕەتی دەکاتەوە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کرابێت. بەهۆی ئەوەشەوە کە ڕوسیا پشتیوانی تەواوی لێدەکات، داواکان بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەکان ڕەت دەکاتەوە.
لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون و لە کۆتایی هەموو هەفتەکاندا ژمارەی بەشداربووان زیاتر دەبن و هەموو ڕۆژی یەکشەممەیەک دەیان هەزاران کەس بەشداری تیادا دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز