Accessibility links

ئوستڕاڵیا تاوتوێی سەپاندنی ڕێوشوێنی زیاتر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا


سەرۆک وەزیرانی ویلایەتەکانی ئوستڕاڵیا ئاماژەیان بەوەدا ئەو ویلایەتانەی کە دانیشتوانەکانیان زۆرن کۆتوبەندی توندتر دەخەنە سەر جوڵەکردن تیایاندا، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر بەخێرایی کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکرێت.

ئوستڕاڵیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لەسەر ئاستی جیهان توانی بەزوویی کۆنتڕۆڵی پەتاکە بکات بەڵام هەفتەی ڕابردوو حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە زیادیکردۆتەوە.

لە هەوڵێكیدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە، هەفتەی ڕابردوو ویلایەتی ڤیکتۆریا قەدەغەکردنی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕاگەیاند بۆ ماوەی شەش هەفتە. ڕاشیگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 238 حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتاکە تۆمارکراوە.

لەسەر ئاستی وڵاتەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10,500 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراون و 111 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

سەرۆک وەزیری ویلایەتی ڤیکتۆریا دانیێڵ ئاندروز ئاماژەی بەوەدا بەشێکی کەمی خەڵکەکە فەرمانەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆیان پێشێلکردووە.

ئاندروز لە میڵبۆرن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر خەڵکەکە ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن ئەوا ناچار دەبین کۆتوبەندی زیاتر بسەپێنین و ڕێوشوێنەکان درێژ بکەینەوە."

هەروەها لە ویلایەتی نیو ساوث وێڵز کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دەیان کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سەرۆک وەزیری ویلایەتەکە گلادیس بێریگکلیان وتی پێدەچێت کۆتوبەندی زیاتر بسەپێنین بەسەر ویلایەتەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەدووریزانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ویلایەتەکەدا ڕابگەیەندرێت و وتی زیان بە ئابووری ویلایەتەکە دەگەیەنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG