Accessibility links

ئوستڕاڵیا دژایەتی ئازادکردنی زیندانیەکی ئەفغانی دەکات کە پێشتر سێ سەربازی ئەو وڵاتەی کوشتووە


وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین

وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین وتی وڵاتەکەی دژایەتی ئازادکردنی زیندانیەکی ئەفغانی دەکات کە لە ساڵی 2012 دا سێ سەربازی ئوستڕاڵی کوشتووە، ئەوەش لەچوارچێوەی گۆڕینەوەی زیندانیەکان لەنێوان تاڵیبان و ئەفغانستاندا تاوەکو دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان دەستپێبکەنەوە.

دوو سەرچاوەی حکومی بە ڕۆیتەرزیان وت شەش زیندانی کە تاڵیبان ویستوویەتی ئازاد بکرێن ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە کابوڵیان جێهێشتووە و بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێکەوتوون.

پاین وتی یەکێک لەو شەش زیندانیە حیکمەت ئەڵڵایە و ئەفسەری پێشووی سوپای ئەفغانستان بووە و لە ساڵی 2012 دا سێ سەربازی ئوستڕاڵی کوشتووە، وتی کانبێرا دژایەتی ئازادکردنی دەکات.

پاین لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت ئەو سزایانەی بەهۆی تاوانەکانیەوە بەسەریدا سەپێندراوە لەلایەن دادگای ئەفغانستانەوە هەمووی جێبەجێ بکرێن، نابێت لە چوارچێوەی ئازادکردنی زیندانییەکاندا لێبووردنی بۆ دەربچێت و ئازاد بکرێت."

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە داوا لە تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان دەکەن گفتوگۆ بکەن تاوەکو کۆتایی بە جەنگی ناوخۆی ئەفغانستان بهێنن کە ماوەی 19 ساڵە بەردەوامە.

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی ئازادکردنی پێنج هەزار زیندانی تاڵیبان و هەزار زیندانی حکومەتی ئەفغانستانە.

کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوانەش فەڕەنسا و ئوستڕاڵیا دژایەتی ئازادکردنی زیندانیانی تاڵیبان دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG