Accessibility links

جێگری سەرۆک وەزیری جەزائیر: حکومەت ئامادەیە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا گفتوگۆ بکات


جێگری سەرۆک وەزیری جەزائیر ڕەمەتان لعمامرە وتی حکومەت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، ئەمەش دوای ئەوەی لەنێوەندی خۆپیشاندانەکاندا سەرۆکی جەزائیر عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە پاشگەزبۆوە لە خۆکاندیدکردنەوە بۆ سەرۆکایەتی.

لعمامرە وتی ئەرکی سەرەکی حکومەت یەکخستنی جەزائیرییەکانە.

سەرۆک ئەرکانی سوپا و جێگری وەزیری بەرگری جەزائیر ئەحمەد قاید ساڵح بە کەناڵی نەهاری وت لە هەموو بارودۆخ و ڕەوشێکدا سوپا پارێزگاری لە ئاسایشی وڵات دەکات.

دەستپێشخەرییەکەی بۆتەفلیقە کە هەڵبژاردنەکانیشی دواخست و ڕاشیگەیاند کۆنگرەیەک دەبەستێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانی سیاسیی، سوودی نەبوو لە ڕازیکردنی زۆرێک لە جەزائیرییەکان کە دەیانەوێت بەخێرایی سیستمە کۆنە سیاسییەکە بگۆڕدرێت.

ڕۆژانە هەزاران هاوڵاتی جەزائیر لە هەموو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە خۆپیشاندان دەکەن دژی ئەو سیستمە سیاسییەی کە دەسەڵاتی گرتووە بەسەر سوپا و جەنگاوەرە کۆنەکانی جەنگی سەربەخۆیی لە فەڕەنسا کە لەنێوان ساڵەکانی 1954 بۆ 1962 ڕوویدا.

بۆتەفلیقە ماوەی 20 ساڵە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات و لە دوای ساڵی 2013 ەوە کاتێک نەخۆشکەوت بەدەگمەن لە بۆنە گشتییەکاندا دەرکەوتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG