Accessibility links

حکومەتی ئەفغانستان: ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی لە سەدا 90 ی سنوورەکان " دوورە لە ڕاستیەوە "


وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان وتی ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان لەسە کۆنتڕۆڵکردنی لە سەدا 90 ی سنوورەکانی ئەفغانستان " دوورە لە ڕاستیەوە " و جەختی لەوە کردەوە سنوورەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەفغانستاندایە.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان فواد ئامان بە فرانس پرێسی وت " ئەوە پڕوپاگەندەیە و هیچ بنەمایەکی نیە." ئەمەش دوای ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان کە نەتوانراوە لە سەرچاوەی سەربەخۆوە پشتڕاست بکرێتەوە.

ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان دوای ئەوە هات لەم هەفتانەی دواییدا لە هێرشێکی فراواندا کۆنتڕۆڵی سنوورە سەرەکییەکانی ئەفغانستانی لەگەڵ ئێران و تاجیکستان و تورکمانستان و پاکستاندا کرد، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی کشانەوەی هێزە بیانیەکان لە ئەفغانستان.

ئامان جەختی لەوە کردەوە هێشتا سنوورەکانی وڵاتەکە و سەرجەم شارە سەرەکی و ڕێگا خێراکان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتدان.

سەرەڕای کەمبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە جەژنی قورباندا، وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تاڵیبانی بە کوشتنی نزیکەی 100 هاوڵاتی مەدەنی لە شارۆچکەی سپین بۆڵداکی سەر سنووری نێوان وڵاتەکە و پاکستان تۆمەتبارکرد.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان میروەیس ستانکزای لە تویتەر نوسیویەتی " بەمزووانە هێزەکانی ئەفغانستان تۆڵە لەو تیرۆریستە سەرکێشانە دەکەنەوە."

ئامان بە فرانس پرێسی وت " کاتێک تاڵیبان ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ دەکات، یەکەم شت کە دەیکات لەناوبردنی دامەزراوە گشتیەکان و ژێرخانی گشتی و بێزارکردنی خەڵکەکە و ناچارکردنی خێزانەکانە تاوەکو ماڵەکانیان جێبهێڵن."

وتیشی " ئەوە لە سپین بۆڵداکیش ڕوویداوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG