بەرپرسانی ئەفغانستان و هاوپەیمانێتی ناتۆ وتیان خۆکوژێک لە دەرەوەی بنکەی باگرامی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان خۆی تەقاندۆتەوە و لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون.
هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی باروان وەحیدە شاهکار وتی هەموو بریندارەکان ئەفغانین.
وتیشی " بۆ ماوەی 30 خولەک شەڕ و پێکدادان هەبووە لەنێوان هێرشبەرەکاندا کە بە ئاشکرا دیاربوو دەیانویست بچنە ناو بنکەکە و هێزە بیانییەکانەوە."
هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو هێرشەی کە لە دەرگای باشووری بنکەی باگرام ڕوویدا " بەخێرایی بەرپەرچ دراوەتەوە." هەروەها هیچ کوژراو و بریندارێک نیە چ لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتیەکەش، بەڵام بنکەیەکی تەندروستی کە خزمەتی هاوڵاتیانی ناوچەکە دەگات زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
ئەم هێرشەش لەکاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵدەدات دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا دەست پێبکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز