Accessibility links

ئەفغانستان هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێدەکات


ڕۆژی سێشەممە ئەفغانستان قۆناغی یەکەمی لە هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکرد، بەڵام پێدانی ڤاکسینەکە لە ئێستادا لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا دەبێت.

تیمەکانی تەندروستی و ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش لەنێو ئەو خۆبەخشانەدا بوون کە ڤاکسینی ئاسترازینیکایان پێدرا، لە سەرەتای مانگی دوودا هیندستان 500 هەزار بەشی لەو ڤاکسینە پێشکەشی ئەفغانستان کرد.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی پێشوازی لەم پڕۆسەیە کرد کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو، وتیشی " هەلێکی مەزنە بۆ گەلی ئەفغانی."

سەرەتا 250 هەزار کەس ڤاکسینەکەیان پێدەردێت، هەریەکێکیان هەردوو بەشەکەی ڤاکسینەکە وەردەگرن.

وەزیری تەندروستی ئەفغانستان بە وەکالەت وەحید مەجروح وتی " پێشبینی موعجیزە ناکەین، بەڵام دەبێت ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بدەین بۆ جێبەجبەجکردنی ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی یەکسان."

بەپێی داتا فەڕمییەکان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لە ئەفغانستان 55,300 حاڵەتی توشبوون و 2,400 حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.

بەڵام لە توێژینەوەیەکی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستاندا هاتووە کە لە مانگی هەشتدا بڵاوکرایەوە حاڵەتەکانی توشبوون لە وڵاتەکەدا بە 10 ملیۆن حاڵەت خەمڵێندراوە کە دەگاتە نزیکەی سێیەکی گەلی ئەفغانستان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG