Accessibility links

ترامپ دەڵێت ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە چەکی ئەتۆمی نەبێت؛ "پێم خۆشە لەگەڵ ڕێبەری ئێران کۆببمەوە"

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە چەکی ئەتۆمی نەبێت و ئەگەر شتەکان "بە باشی بەڕێوەبچن، ڕەنگە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆببێتەوە."

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ پۆدکاستی "پۆد فۆرس وان" پەخشکرا، سەبارەت بە ئێران وتی "ئەوان پێشتر ڕێککەوتوون کە چەکی ئەتۆمییان نەبێت."

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا خامنەیی بەشدارە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، سەرۆک ترامپ وتی "بە دڵنیاییەوە بەشدارە. ... پێموایە زۆر ڕێزی لێدەگرن."

ترامپ باسی لەوەشکرد بیستوومە سەرکردەی ئێران زۆر باش نییە، بەڵام لە کاتی دانوستانەکاندا ڕەزامەندی خۆی دەدات. ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لەگەڵ خامنەیی کۆنەبووەتەوە.

ترامپ وتیشی "پێم خۆشە لەگەڵیدا کۆببمەوە، پێموایە لە دەرفەتێکدا کۆدەبینەوە، با بزانین دۆخی ئەو چۆن دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها جارێکی تر شەڕی لەگەڵ ئێرانی بە سەرکەوتن ناو برد و سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات وتی "ئێمە کار لەسەر ڕێککەوتنێک دەکەین، ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوە زۆر باش دەبێت، ئەگەر سەرکەوتووش نەبێت، ئەوا کێشە نییە و ڕێگایەکی دیکە دەگرینە بەر."

ترامپ ڕوونی نەکردەوە مەبەستی لە "رێگایەکی دیکە" چییە، بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بکات ئەمەریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێدەکاتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG