Accessibility links

سەرکردەکانی ئوردن و سوریا لە عەممان کۆدەبنەوە


سەرکردەکانی ئوردن و سوریا کۆبوونەوە و لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانیان بەرامبەر بە قاچاخچێتی چەک و ماددە هۆشبەرەکان.


حکومەتی ئوردن ڕۆژی چوارشەممە 26ی مانگی دوو دوای کۆبوونەوەی شا عەبدوڵای دووەم و ئەحمەد ئەلشەرع کە سەفەری عەممانی کردبوو، ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی دوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ ئاسایشی سنوورەکانی سوریا و ئوردن و ڕاگرتنی قاچاخچێتی چەک و ماددە هۆشبەرەکان بەدرێژایی سنوورەکان .

ئوردن کە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ سوریا هەبووە، بەشێوەیەکی بەرفەراوان نیگەرانی قاچاخچێتی چەک و ماددەی هۆشبەر بوو کە لەڕێگەی سنووری سوریاوە دەرۆیشتە ناو وڵاتەکە.

حەبی کاپتاگۆن لە بارەکانی قاچاخچییە سوورییەکان بۆ ئوردن و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوپای ئوردنی خستبووە شەڕێکی بەردەوام لەگەڵ باندە قاچاخچیەکان.

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆن لە سەرتاسەری سوریا دۆزرانەوە و بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد کە هاوکات فەرماندەیەکی گرنگ بوو لە سوپای سوریا، دەستی هەبووە لە قاچاخکردنی ئەو حەبانە.

ئوردن هەروەها لەو ساڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا نفوزی بەرفراوانی هەبوو، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە چەکی قاچاخی لە سوریاوە بۆ ئوردن گواستوەتەوە بە ئامانجی گەیاندنی بە چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا، هەروەها ئۆپەراسیۆنی لە دژیان بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا ئەنجامدا.

حکومەتی نوێی سوریا ڕایگەیاندووە "بە شێوەیەکی یاسایی" پابەندە بە ڕاگرتنی بازرگانی چەک و ماددە هۆشبەرەکان.

ئوردن سێیەم وڵاتە کە سەرکردەی نوێی سوریا سەردانی دەکات، دوای سعودیە و تورکیا.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، شای ئوردن و ئەحمەد ئەلشەرع هەروەها هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاکی سوریا سەرکۆنە کردووە.

شا عەبدوڵای دووەم کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا کە ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشق بەڕێوەچوو، بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێگای ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی ئەو وڵاتە ناوبرد.

ئوردن کە خۆی بنکەیەکی دارایی لاوازی هەیە، بەڵێنی داوە یارمەتی بدات لە دابینکردنی کارەبا و گاز بۆ سوریا بۆ سنووردارکردنی کەمیی کارەبای لە سوریا.

XS
SM
MD
LG